هیچ لایەنێک بۆی نییە کورسیی کۆتاکان  بەقازانجی خۆی یەکلا بکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان بەھەماھەنگیی لایەنەکانی دیکە کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکات، پەرلەمانتارێکی ئەو بزووتنەوەیەش ڕایدەگەیەنێت، "ئامانجی ئەو ھەنگاوەمان یەکلاکردنەوەی کورسیی کۆتاکانە کە پێشتر لایەنێکی سیاسی لەبەرژەوەندیی خۆی یەکلای کردۆتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس قارەمان قادر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەین بەتایبەت کە ئێستا دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەبوە".

ناوبراو وتیشی:"یەکێک لەو ھەنگاوانەی کاری لەسەردەکەین، ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و پرسی ١١ کورسیی کۆتاکانە کە سەرجەم پێکھاتەکانیش پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەکەن، بۆئەوەی یاساکە ھەموار بکرێتەوە و پێکھاتەکانیش بەدەنگی خۆیان ببنە پەرلەمانتار و نوێنەری ڕاستەقینەی پێکھاتەکانیان دیاریی بکەن".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە، "ھەنگاوەکانمان بەو ئاراستەیەیە کورسیی کۆتاکان بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکەینەوە و نوێنەری پێکھاتەکان بەدەنگی خۆیان ببنە پەرلەمانتار، چوونکە ناکرێت پارتی بۆ ھەر کارێک کە بیەوێت، لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلای بکاتەوە".

ناوبراو جەختیشی کردەوە، "لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئەو یاسایەی تایبەتە بەژمارەی کورسیی کۆتاکانی (مەسیحی، تورکمانی و پێکھاتەکانی دیکە) پێش ھەڵبژاردنی ئەمساڵ یەکلا دەکەینەوە و ھیچ لایەنێکیش ناتوانێت ئەو کورسییە کۆتایانە لەبەرژەوەندیی خۆی بەکار بھێنێت، بەڵکوو ئیتر دەبێت پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن".

سەرچاوە: SNN

News Code 14526

Your Comment

You are replying to: .
captcha