بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە 21/5/2018 سەرۆک مەسعوود بارزانی لەگەڵ سهرجهم كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بۆتهوه و له وتهیێكدا، ڕۆشنایی خستۆته سەر بارودۆخی سیاسی و قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستانی لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا كردوووه.
سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگران و چین و توێژەكان و گەنجانی ناو پارتی لە ناوخۆ و دەرەوە كرد كە هەموویان بە یەكدەنگی و بە گیانێكی هاوبەش كاریان بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی ڕێگری و ئاستەنگ بۆ ئەوەی لیستی پارتی دەنگ نەهێنێت بەڵام جەماوەری پارتی بە ئیرادەیێكی بەرز توانیان سەركەوتن بەدەست بهێنن و لە ئاستی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات پارتی حزبی یەكەم بوووە و ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی خاوەنی قەزییەیە.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە پارتی لە هەموو تاقیكردنەوەیێک بە سەربەرزی دەرچوووە، پارتی كە دامەزرا بۆ ئەوە دانەمەزرا ململانێ لەگەڵ لایەنەكان بكات بەڵكوو بۆ ئەوە دامەزراوە كە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات.
هەروەها گوتوویهتی: "سەركەوتن بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە باوەڕیان لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان هەیە و ناشكرێ میللەتێک بچەوسێتەوە و نوێنەرانی بیر لە پلە و پایە و دەستكەوت بكەونەوە. بۆیەش پێویستە ئامانجی سەرەكیی نوێنەرانی پارتی لە بەغدا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەیان بێت و نابێ لە كاتی سەركەوتندا مەغروور بن و لەكاتی شكست و پاشەكشەیشدا نائومێد ببن".
سەرۆک بارزانی ڕەخنەیشی لە ئەدای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گرت كە بۆتە هۆی كێشەی زۆر گەورە بۆ دەنگدەران و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەژمارنەكردنی دەنگی خوشک و برا ئێزیدییەكان، ئەنفال كردنی دەنگی ئەوانە و مەبەست لێی ئەوە بوووە كە پارتی لە پارێزگای نەینەوا وەک لیستی یەكەم نەبێت".
سەرۆک بارزانی ئاماژهی بەوەشدا كە پێویستە بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونی نێوان پێكهاتەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە بەرچاو بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە هەموو لایێک كار بكەن. داوایشی كرد كە لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەک گوتاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار ببن.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment