بهپێی ههواڵی کوردپرێس، لە دوای 16ی ئاکتهوبری ساڵی رابردووەوە، پۆستی پارێزگاری كەركووک لە لایەن راكان سەعید جبورییەوە بە وەكالەت بەرێوە دەبرێت كە ناوبراو عەرەبێكی سوننەیە و لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگی پێویستی بۆ بوون بە پەرلەمانتاری عێراق بەدەست هێناوە.
ڕەوەندە مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا وەكوو یەكێتی، كۆبوونەوەی نێوخۆیی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووک ئەنجام دەدەین."
چەندین هەوڵی یەكێتی لە رابردوودا بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووک شكستی هێناوە، ئەمەش بەهۆی ئامادەنەبوونی عەرەبو توركمان بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و جێهێشتنی كەركووک لە لایەن زۆربەی ئەندامە كوردەكانی ئەنجومەنی پارێزگاوە كە سەربە پارتین.
هاوكات ئیسماعیل حەدیدی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی سیاسیی عەرەبی لە كەركووک، بەدەنگی ئەمەریكای وت: "پۆستی پارێزگار دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام پێناچێت بتوانرێت ئەو ئەنجومەنە بە ئاسانی كۆ بكرێتەوە."
ئیسماعیل حەدیدی وتیشی: "بۆیە پێدانەوەی پۆستی پارێزگار بە یەكێتی ئاسان نابێت."
لە كۆی 41 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، لایەنە كوردییەكان خاوەنی 26 كورسی و توركمان 9 كورسی و عەرەبیش 6 كورسی هەیە، بەڵام لایەنە كوردییەكان ناكۆكن لە نێوخۆیاندا، بۆیە پێدەچێت یەكێتی بیەوێت ئەمجارە لە رێگەی بەغداوە و بە شێوەی دامەزراندن پۆستەكە وەربگرێتەوە.
كامەران كەركووكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک، ئاماژەی بەوەكرد لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک ناتوانرێت پارێزگار دابنرێت، وتی: "لەیەک حاڵەتەدا نەبێت ئەویش گەر پۆستی پارێزگار بەتاڵ بوو، سەرۆک وەزیران و سەرۆک كۆمار پێكەوە دەتوانن یان قایمقام یان كەسێكی تر بە وەكالەت بكەنە پارێزگار."
یەكێتیی نیشتمانی هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا زۆربەی دەنگەكانی كەركووكی بەدەست هێنا، بەڵام لە دوای 16ی ئاکتهوبری ساڵی رابردوەوە دەسەڵاتی لە كەركووک لەدەست داوە، دەیەوێت لە رێگەی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگارەوە دەسەڵاتەكانی بەدەست بهێنێتەوە.
سهرچاوه: شارپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment