بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا وتوویەتی، جێی قبووڵ نییە ئەمریکا دیاری بکات ئێران و وڵاتانی جیهان چی بکەن و چی نەکەن. نەخوازەڵا ئێستا کە کەسێکیان کردۆتە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان کە تا دوێنی کاری سیخوڕی کردن بووە.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پۆمپیۆ کەسێکە هەتا دوێنێ لە دەزگای سیخوڕیی ئەمریکا کاری دەکرد کەچی ئەمڕۆ هاتووە بڕیار لەسەر ئایندەی ئێران دەدات، پۆمپیۆ کێیە بڕیار لەسەر ئایندەی ئێران و جیهان بدات؟
ڕۆحانی بە ئەمریکا دەڵێت "جیهانی ئەمڕۆ ڕێگەتان پێ نادات بڕیار بدەن وڵاتانی جیهان چی بکەن، ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ڕێی هاوکاری و پاڵپشتیی گەلانی خۆمان".
هاوکات محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، ئەمریکا هەمان بژاردەی هەڵە بەرامبەر ئێران دووبارە دەکاتەوە.
پێشتریش بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردبووەوە، ئێران گفتوگۆ لەسەر هەر بابەتێک لە دەرەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ڕەت دەکاتەوە.
قاسمی وتیشی، کەس توانای ئەوەی نییە ئێران ناچار بەکشانەوە بکات لە سوریا، مانەوەشیان لە سوریا بە داواکاری ڕەسمی حکومەتی دیمەشقە.
لە لایێکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، لەوەیە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەخراپ بەسەر دۆخی سووریا بشکێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر زاری مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ١٢ مەرجەکەی ئاشکرا کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا، بە مەبەستی سنووردارکردنی زیاتری بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد ئەو داخوازیانە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی نوێی ئەمریکادایە کە بەرامبەر ئێران دەیگرێتە بەر، دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
Your Comment