بهپێی ههواڵی کوردپرێس، لەو پەیوەندییەدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و موقتەدا سەدر سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون باسیان لە کاری ھاوبەشى هەر دوولا کرد تا پێکەوە بتوانن گۆرانکاری ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن چوار ساڵی داهاتوو قۆناغی ئاوەدان کردنە و تێپەڕاندنی دۆخى ئێستا بێت.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاند سەرباری ئەو تێبینیانەی لەسەر هەڵبژاردنەکان هەن بەڵام گرنگە کە هێزێکی وەک نەوەی نوێ لەم ماوە کورتەدا توانیویەتى بەو شێوەیە جێی خۆی بکاتەوە و ئەو ئەنجامەی هەبێت، هەروەها رایگەیاند کە ئەمە دڵخۆشکەرە و داهاتوویێکی گەشتان هەیە.
لە بەرامبەریشدا شاسوار عەبدولواحید پیرۆزبایی سەرکەوتنی هاوپەیمانیی سائیرونی لە موقتەدا سەدر کرد و هیوای خواست کە خەڵکانێکی خاوەن پرۆژەی نیشتمانی دوور لە تایفەگەری سەرکەوتوو بن.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان موقتەدا سەدر و شاسوار عەبدولواحید پاش ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە پەیوەندی بە شاسوار عەبدولواحیدەوە کرد و پیرۆزبای لێکرد بە هۆی سەرکەوتنی لیستی نەوەی نوێ.
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا لیستى نەوەى نوێ توانى لە سەر ئاستى عێراق زیاتر لە ١٧٥ هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت و ١٥ى ئەم مانگەش موقتەدا سەدر کە هاوپەیمانێتییەکەى زۆرترین دەنگى بەدەستهێنا لە پەیامێکدا ئاماژەى بە چەند لایەنێک کرد بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق و لەنێو ئەو لایەنانەدا ئاماژەى بە نەوەى نوێ کرد.
هاوکات جووڵانەوەی نەوەی ناڕەزایی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و پێی وایە ئەو ئەنجامەی ڕاگەیێندراوە، ڕاستەقینە نییە، داواش دەکات لەگەڵ شەش لایەنە ناڕازییەکەی هەرێم پێکەوە کار بۆ ئاشکراکردنی دەنگی ڕاستەقینەی هاووڵاتییان بکەن.
سهرچاوه: ئێن ئاڕتی
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment