به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان که بۆ سه‌فه‌رێکی سێ ڕۆژه سه‌ردانی به‌ریتانیای کردبوو له‌گه‌ڵ تێرێزا مه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا و ئێلیزابتی دووهه‌م شاژنی ئه‌و وڵاته دیدار و گفتوگۆی کرد. له ماوه‌ی سێ ڕۆژ مانه‌وه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له به‌ریتانیا چالاکوانانی کورد له‌و شوێنانه‌ی که نزیک به شوێنی حه‌وانه‌ی ناوبراو بوو گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجام ده‌دا.
تێرێزا مه‌ی له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆریزمی کوردی بۆ وه‌سف کردنی شه‌ڕی نێوان تورکیا و کورده ناڕازییه‌کان به‌کار هێنابوو و ئه‌وه له حاڵێکدایه که هیچ یه‌ک له هاوپه‌یمانانی تورکیا و ته‌نانه‌ت سیاسه‌توانانی ئه‌و وڵاته‌ش تیرۆریزم له‌گه‌ڵ کوردی تورکیا به‌یه‌که‌وه ناهێنن.
تێرێزا مه‌ی ده‌شڵێت: "پێویسته تورکیا بۆ به‌رگری له دیموکراسی -که له ژێر گوشاری به‌رچاوی کووده‌تای بێ‌ئاکام، ناسه‌قامگرتوویی له سنووره‌کانی تورکیا و تیرۆریزمی کوردییه- ئاوڕ له ڕه‌هه‌نده پڕبایهخهکانیش بداته‌وه که به‌رگرییان لێده‌کات."
به‌ڵام ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ئاماژه به تیرۆریست، په‌که‌که و لایه‌نگرانی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن مامۆستای دوورخراوی تورکیا له ئه‌مریکا ده‌کات و ده‌ڵێت: "لیستێک له تیرۆریستان بریتی له په‌که‌که یان لایه‌نگرانی فه‌تحوڵڵا گوله‌نمان به سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا داوه. ئێمه خوازیاری ڕاده‌ست کردنی ئه‌و تیرۆریستانهین."
تێرێزا مه‌ی ئاماژه به هاوکارییه‌کانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌کات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ په‌که‌که و ڕایده‌گه‌یێنێت: به‌ریتانیا هه‌ندێک کاری دژ به په‌که‌که له‌و وڵاته و بۆ پشتیوانی له تورکیا ئه‌نجام داوه.
گاردییه‌ن و هه‌ندێک میدیای به‌ریتانی کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان و تێرێزا مه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیانیان ڕووماڵ کردوووه و چاوه‌ڕوان نه‌بوونی به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "تیرۆریزمی کوردی" له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیایان زه‌ق کردۆته‌وه.
ژماره‌یێک له ڕه‌خنه‌گرانی به‌ریتانیا ناڕه‌زایه‌تیی خۆیانیان هه‌مبه‌ر په‌ره‌پێدانی هاوکاریی سه‌ربازیی به‌ریتانیا و تورکیا و واژۆ کردنی گرێبه‌ستی سه‌ربازی به بایه‌خی 100 میلیۆن دۆلار له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی تێرێزا مه‌ی ده‌ربڕیوه. پارچه سه‌ره‌کییه‌کانی فڕۆکه‌ی جێت به‌شێک له گرێبه‌ستی سه‌ربازی تورکیا له به‌ریتانیا دێته ئه‌ژمار و به بۆنه‌ی به‌کارهێنانی ئه‌و جیهازاته له بوردومانی بنکه و باره‌گای کوردی سووریا له مانگی جانیڤێری، فێبریوێری و مارچی ئه‌مساڵ چالاکوانانی دژه‌شه‌ڕ له‌و وڵاته هه‌ندێک کهمپێنیان دژ به هاوکاریی سه‌ربازیی نێوان تورکیا و به‌ریتانیا به‌ڕێ خستوووه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment