ئیراده‌ی ئێران و تورکیا بۆ بازرگانیی 30 ملیارد دۆلاری

به‌شی ئێران- مه‌حموود واعزی نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ دیدار له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیادا وتی: وره‌ و ئیراده‌ی دوو وڵات بۆ بازرگانیی 30 ملیارد دۆلاری ساڵانه‌ جیدییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌و دیداره‌دا واعزی جه‌ختی کرده‌ سه‌ر خێرایی له‌ جێبه‌جێ بوونی ڕێککه‌وتننامه‌کانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ستراتێژیکی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران- ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌موو بواره‌کان به‌تایبه‌ت ئابووری و بازرگانی به‌ ئامانجی به‌دیهاتنی بازرگانی ساڵانه‌ 30 ملیارد دۆلاری دوو وڵات.

ناوبراو هه‌روه‌ها له‌و دیداره‌دا که‌ له‌ بینای پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌ی تورکیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌نجام بوو جه‌ختی کرده‌ سه‌ر هاوده‌نگیی دوو وڵات له‌ زۆربه‌ی کاروباره‌ جیهانییه‌کان و به‌رده‌وام بوونی گفتوگۆ و هاوکاریی دوولایه‌نه‌ و چه‌ندلایه‌نه‌ی ئێران و تورکیا له‌ کاروباری ناوچه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم.

سه‌رۆک کۆماری تورکیاش له‌و دیداره‌دا جه‌ختی کرده‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی سه‌رۆکانی کۆماری دوو وڵات ده‌بێ به‌ ده‌سه‌ڵات و خێراییه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت و وتی: گه‌شه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران-ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ده‌ستووری کاری ده‌وڵه‌تی تورکیادایه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان هه‌وڵه‌ی ئه‌مریکا له‌مه‌ڕ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌رجامی سه‌رزنشت کرد و ئه‌و کاره‌ی واشنتۆنی به‌ په‌یمان شکێنی و مه‌ترسی بۆ دیپلۆماسی و هه‌روه‌ها ئاشتی و هاوکاریی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی زانی.

سه‌رۆک کۆماری تورکیا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ به‌شداریی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بانگهێشت کرد که‌ بڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی له‌ باره‌ی عه‌ززه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ مه‌حموود واعزی سه‌رۆکی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری و سه‌رپه‌ره‌شتی ڕێکخراوی سه‌رۆک کۆماریی ئێران دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ڕابردوو به‌ مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماری تورکیا و هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌.

له‌و دیداره‌ی واعزی و ئه‌ردۆغان، وه‌لیوڵڵا سه‌یف سه‌رۆکی گشتیی بانکی مه‌رکه‌زیی ئێران، موراد چتین کایا سه‌رۆکی گشتیی بانکی مه‌رکه‌زیی تورکیا، محه‌مه‌د شیمشه‌ک جێگری ئابووریی سه‌رۆک وه‌زیر، ناجی ئا‌غباڵ وه‌زیری دارایی، لوتفی ئه‌لوان وه‌زیری گه‌شه‌ و نیهاد زیبکچی وه‌زیری ئابووریی تورکیا و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی هاوبه‌شی ئابووریی تورکیا و ئێران به‌شدار بوون.

سه‌رچاوه‌: ئیرنا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 14300

Your Comment

You are replying to: .
captcha