بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق و پێشەنگ بوونی ئیئتیلافی سائێروون بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر، هەوڵەکانی عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەستی پێکردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیئتیلافی نەسر بە سەرکردایەتیی حەیدەر عەبادی دەستی کردۆتە پێوەندی گرتن لەگەڵ دیکەی ئیئتیلافە سیاسییەکاندا تاکوو ڕازییان بکات بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن، چوونکە بەگوێرەی دەستووری عێراق فراکسیۆنێکی بەو چەشنە مافی ناساندنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیریی بەدەستۆیە.
ئەو سەرچاوەیە هەروها دەشڵێت ئیئتیلافی نەسر و سائێروون دەستیان کردۆتە پێوەندی گرتن لەگەڵ ئیئتیلافەکانی دیکە وەکوو وەتەنیە، حیکمە و قەرار بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی گەورە لە پەرلەمان، هەروها دەیانهەوێت پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پارتە کوردییەکانیشدا گفتوگۆ ئەنجام بدەن.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە لایەنی ڕکابەریشەوە، ئیئتیلافی فەتح بە سەرکردایەتیی هادی عامری گفتوگۆی لەگەڵ ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرکردایەتیی نووری مالیکی بەمەبەستی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق دەست پێکردووە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی العربی الجدید
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment