بەپێی هەواڵی کوردپرێس بارام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پیرۆزباییی لە گەل و دەوڵەتی عێراق کرد کە توانییان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بۆ پەڕلەمانی وڵاتەکەیان بەڕێوە بەرن.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا وتوویەتی: گەلی عێراق بە بەشداری کردنیان لە پڕۆسەی سەرکەوتووی هەڵبژاردنی عێراقدا دەستکەوت و سەرکەوتنی خۆیانیان بە سەر تیرۆریزم و داعشدا چەسپاند.
قاسمی زیادی کرد: وڵاتی ئێران لەگەڵ ئەوەی پێداگرە لە سەر بەهێز کردنی شەراکەتی سیاسی و دیموکراسییەت لە عێراق ڕاشیدەگەیەنێت کە ئامادەیە یارمەتیی پێشخستن و نۆژەن کردنەوەی ئەو وڵاتە بدات.
شیاوی ئاماژەیە عێراق حەشیمەتێکی 37 ملوێن کەسی لە خۆ دەگرێت و لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا 24 ملوێن کەس دەیانتوانی دەنگ بدەن و لەو ڕێژەیەش 11 ملوێن کەسیان بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کرد ئەوەش بە پێی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی عێراق.
Your Comment