فڕۆکه‌شه‌ڕکه‌ره‌کانی عێراق مۆڵگه‌یێکی فه‌رمانده‌یی داعشیان له‌ سووریا ته‌قانده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی عێراق ڕای‌گه‌یاند: عێراق هێرشێکی ئاسمانی کردۆته‌ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ خاکی سووریا و مۆڵگه‌یێکی فه‌رمانده‌یی و پشتیوانی لۆجستیکی ئه‌و گرووپه‌یان ته‌قاندۆته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی عێراق سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند که‌ به‌ فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ مۆڵگه‌کانی داعش له‌ باشووری ناوچه‌ی "الدشیشه‌" له‌ باشووری پارێزگای کوردنشینی حه‌سه‌که‌ له‌ باکووری ڕۆژئاوای سووریا بوردومان کراوه‌.

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی عێراق جه‌ختی کرده‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هێرشه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی F16ی هێزی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌ به‌ چاودێریی ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ و به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌ پشتڕاست کراوه‌کان ئه‌نجام بوووه‌ و وتی که‌ له‌و هێرشه‌دا مۆڵگه‌یێکی فه‌رمانده‌یی و پشتیوانی لۆجستیکی تیرۆریسته‌کانی داعش به‌ ته‌واوه‌تی ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ و دواتریش ورده‌کاری و ئه‌نجامه‌که‌شی ڕاده‌گه‌یێندرێت.

ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ فڕۆکه‌شه‌ڕکه‌ره‌کانی عێراق له‌ دوایین ڕۆژانی مانگی خاکه‌لێوه‌ و ناوه‌ڕاستی گوڵان دوو جاری دیکه‌ش مۆڵگه‌کانی داعش له‌ خاکی سووریایان بوردومان کردبوو.

سه‌رچاوه‌: سوومه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 14206

Your Comment

You are replying to: .
captcha