لاواز دەرکەوتنی کورد و تیکچوونی باڵانسی نێوان کورد و عەرەبی شیعە و بەخۆداشکانی کورد پاش شکست هێنانی گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوول و پاشان ناڕەزایی جەماوەری کوردستان لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێم وای کرد کە کەسێکی وەکوو حەیدەر عەبادی وەکوو سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر قەناعەت بە خۆی بهێنێت کە لە هەرێمی کوردستان بەربژێر بناسێنێت. هەڵبەت ئەو هاوپەیمانییە لە کوردستان شکستی هێنا و کشایەوە.
زۆرینەی چاودێرانی سیاسیی کۆدەنگن لە سەر ئەوەی ئەم جارەیان ژمارەی کورسیی کورد لە بەغدا کەم دەکات. دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی کورد بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان دێتە ئاراوە کە پاش 16ی ئەکتەوبری 2017 لەلایەن سوپای عێراقەوە کونتڕۆڵ کرایەوە. جگە لە ناکۆکی و ناتەباییی نێوان قەبارە سیاسییەکانی کوردستان -کە بۆتە هۆی فەوتان و پەرتەوازە بوونی دەنگی کورد- دەبێت دۆخی ئەمنی و سیاسیی نالەباری ناوچە جێناکۆکان لەبەر چاو بگیردرێت کە بە زیانی کورد شکاوەتەوە.
بڕیارەکەی پارتی بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لە کەرکووک بەرچاوترین دیاردەی جێ تەنگەژەی ئەم خولەی هەڵبژاردن بوو لە کەرکووک. پارتی وتوویەتی کەرکووک شارێکی داگیرکراوە و بایکۆتی هەڵبژاردنی لەو پارێزگایە کرد. بەڵام چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەو بڕیارە مەعقوول نییە چوونکە ئەگەر مەعقوول بووبا دەبوو لە شنگال و خانەقینیش هەمان بڕیاری دەرکردبا. پارتی دوو هۆکار دەخاتە بەردەست بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن: یەکەم ئەوەی پارتی لە نێو جەماوەری کەرکووکدا پێگەی بەهێزی نیە دووهەم ئەوەی بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لە کەرکووک ببێتە کارتێکی گوشار بۆ سەر یەکێتی کە لە ڕووی نەریتییەوە لە کەرکووک هێزی زیاتری هەیە.
خاڵێکی دیکەش جێێ سەرنجە: یەکێتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستاندا شکستێکی خراپی هێنا لە بەرانبەر پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەڕلەمانی عێراق (2014) ئەنجامی سەرسوڕهێنەری دەست کەوت و گۆڕانی ڕاماڵی و بە جیاوازیی چەند کورسی پاش پارتی بووە حیزبی دووهەمی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان.
چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە لە نەبوونی پارتیدا بەشێکی زۆری دەنگی ئەو حیزبە هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح و گۆڕان و کۆمەڵ دەیبەن و ڕەنگە یەکێتیش ببێتە خاوەن بەشێکی ئەو دەنگانە. هەڵبەت بە دڵنیاییەوە پێدەچێت کورد لە 8 کورسییەکەی کەرکووک دوو کورسی لە دەست بدات و ئەوەش تا چەند کاتژمێرێکی تر دەردەکەوێت.
پارتی لەم خولەی هەڵبژاردنەشدا زیاتر لە 20 کورسی وەدەست دەهێنێت و دەبێتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان. هۆکاری سەرەکیی پێشەنگ بوونی پارتیش ئەوەیە ڕکابەرە دێرینەکەی پارتی واتا یەکێتی دابەش بووە بە سێ بەرەی سەرەکی و بەشێکی دەنگەکان لە نێوان ئەو سێ حیزبەدا دابەش دەبێت. هەڵبەت ڕەنگە کۆی کورسییەکانی هەر سێ بەرەکە لە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاتر بێت.
پارتی لە دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زۆرینەی دەنگ بە دەست دەهێنێت. هەڵبەت دیارە لە دهۆک براوەی ڕەهای هەڵبژاردن دەبێت بەڵام دۆخەکە لە هەولێر تۆزێک جیاوازترە و یەکێتییش وەکوو حیزبێکی ڕیشەدار پێگەی لەو پارێزگایەدا هەیە و پێشتریش پارتی بە زەحمەت توانیویەتی نیوەی دەنگی ئەو پارێزگایە بباتەوە.
تاکە ڕکابەری پارتی لە دهۆک، حیزبی یەکگرتووی ئیسلامییە کە بۆ مانەوەی خۆی لە پارێزگاکە ناچار بووە زۆر فشار و تەونجی پارتی قبووڵ بکات. هەر لە بەر ئەو فشار و توانجانەی پارتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا باڵی بادینانی ئەو حیزبە ئیسلامییە ڕوانگە و تێڕوانینی جیاوازی هەبێت نیسبەت بە ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبەکە و نزیک بوونەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان. نموونەی ئاشکرای ئەو بابەتەش ئەبستراکسیۆنەکەی فراکسیۆنی زەردی پەڕلەمانی کوردستان بوو کە کاتی لێکدانەوەی هەموار کردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم (هاوینی 2015) بوو کە لە کۆی 10 ئەندام پەڕلەمانی یەکگرتوو 5 پەڕلەمانتار بە دەم پارتییەوە چوون بۆ کشانەوە لە پەڕلەمان و هەڵپەساردنی ئەو مەرجەعە یاسادانەرە.
نموونەیێکی ئاشکرای بەدەمەوە چوونی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پارتی، چالاکیی ڕیفۆرمخوازە کۆنسێرڤاتیڤەکانی ئێران بوو کە پاش جۆزەردانی 1388/ واتا حوزەیرانی 2009 ڕووی دا.
لە لایێکی ترەوە هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکردەیێکی تیکنۆکرات چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ژمارەیێک کورسی بهێنێت. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان کە لە هەڵبژاردنەکەی خولی پێشوودا حیزبی سێهەمی کوردستان بوو لە بەر نەمانی نەوشیروان مستەفا بۆشاییی هەبوونی دەموچاوێکی کاریزماتیکی تێدا هەست دەکرێت نەخوازەڵا کە چوار شەراکەتی ناسەرکەوتوویان بووە لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا. بۆیە ڕەنگە دەنگی هاوپەیمانی و گۆڕان تا ڕادەیێکی زۆر لێک نزیک بێت.
دەوترێت بەشێکی دەنگی یەکگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی هەرەس دەهێنێت و بە قازانجی کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان و هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح دەشکێتەوە ئەوەش لە بەر هاودەنگ بوونی یەکگرتوو لە گەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەنجامی هەڵبژاردن لە کوردستانی عێراق تا ئەم کاتە هەرچی بێت بووە بەڵام ئەوەی ئاشکرا بێت ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردن نابێتە خاڵی وەرچەرخانی دەسەڵات و هەڵپێچانی سیستەمی دوو ئیدارەیی و خڕ کردنەوەی دەسەڵاتێکی کۆدەنگ لە هەولێر.
ئەو بابەتە لە بارەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەڕلەمانی کوردستانیشەوە ڕاست وایە. هەر لە ئێستاوە دیارە کە یەکێتی تا ڕادەیێک دەنگی کەم دەکات. بەڵام ئایا لە سلێمانی دەسەڵات ڕادەست دەکات؟ پێشتر مەلا بەختیار بە ئاشکرا وتبووی ئەگەر تەنها یەک کورسییش بهێنێن ئێمە هەر یەکێتیین و واز لە دەسەڵات ناهێنین.
هاوشێوەی زۆرینەی سیستەمە نیمچە دیموکراتەکانی جیهان لە هەرێمی کوردستانیش یەکەم سەرچاوەی دەسەڵات پارە و چەکە پاشان سندووقی دەنگدان.
ئەم دۆخە بەڵام تا ڕادەیێک جیاوازە. لەوێ شێوازی سیاسی بەشێوەیێکە کە مۆڵەتی خۆنواندنی ئۆپۆزیسیۆن نادرێت تا بتوانن لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ئیدیعای بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن.
بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان 40%ی دەنگەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەدەست دێنن بەڵام لە کرداردا مۆڵەتیان بۆ بەشداری لە بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر پێنادرێت.
بە ئەگەری زۆرەوە کوردەکان لەم خولەدا نەتوانن پوستی سەرۆک کۆماریی بەدەست بێنن، ئەگەریش ئەو پوستە بگاتە کورد بەئەگەری زۆرەوە دەگاتە دەستی یەکێتیی نیشتمانی.
لە خولی پێشوودا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی بنەماڵەیی ڕێگری لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح کرد بۆ پوستی سەرۆک کۆماری و کەسێکی لاوازتری بۆ ئەو پۆستە پێ خۆش بوو.
هەر بەو چەشنە کە چاوەڕوان دەکرا فواد مەعسووم لاواز دەرکەوت و ڕەخنەی زۆری لێگیردرا. دیارە کە نە ئەو و نە پارتەکەی چانسێکیان بۆ وەدەست هێنانی دووبارەی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق نابێت.
بۆیەش بەرهەم ساڵح یەکێک لە پۆستە گرینگەکان یا سەرۆک کۆماری یان سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەدەستەوە دەگرێت.
ئەگەر ئەوەش ڕووبدات مومکینە لەسەر دوو پرسی گرینگ کاریگەریی هەبێت. یەکەم پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستانە دووهەم لەئەگەری ئامادە بوونی بەهێزی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و عەدالەت لە بەغدا و ئیئتیلاف کردن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی مومکینە بۆ یەکەم جار گۆڕانکاری لە دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان یان لانی کەم لە سلێمانی بە کردار ڕووبدات.
سەرچاوە: ماڵپەڕی دیپلۆماسیی ئێرانی
وەرگێڕان: بەشی کوردیی کوردپرێس
Your Comment