کەریم شنگالی: دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن سەقامگیرە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەنگی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی داهاتووی عێراق خستە سندووقەوە و لە لێدوانێکدا وتی: بۆ یەکدەنگی دەچینە بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس هاوکات لەگەڵ دەسپێکی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بنکەی VIP لە شاری هەولێر دەنگی خۆی دا.

کەریم شنگالی پاش دەنگدان بۆ میدیاکان گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ بۆیە دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بە یەکدەنگ بچێتە بەغدا و پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەن و مافە دەستوورییەکانی کورد لە بەغدا وەربگرن".

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاشی گەیاند: "لێژنەی ئەمنیی باڵای هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوەکانی پێویستی بۆ دابینرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن جێبەجێ کردووە و دۆخی ئەمنی ئارامە و سەقامگیرە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە ئارامی بچن دەنگی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین بۆ هەموو کەسێک دۆخێکی ئارام فەراهەم بکەین کە هەر کەسێک دەنگی خۆی بدات، تا ئێستا هیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە و لە هەموو بنکەکاندا دەنگدان بە ڕێکوپێکی دەڕوات و لە نێوان پارێزگاکاندا ڕێگاکان داخراوە و ئەمەش بڕیاری لێژنەی باڵای ئەمنیی عێراقە".

کەریم شنگالی ڕاشی گەیاند: "هاووڵاتیانی کۆیە ئەگەر بزانین خەڵکی کۆیەیە و دێتە هەولێر، لە بازگەکاندا ڕێگەیان پێ دەدرێت".

News Code 14075

Your Comment

You are replying to: .
captcha