پەیامی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات سەبارەت بەكردنەوەی دەرگای بنكە و نەخۆشخانەكان لەڕۆژی دەنگداندا، بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش تەئكید دەكاتەوە، ڕۆژی 12ی 5ی 2018 نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و لەناكاو ئێشكگرەكان لەئەركدا دەبن و بە ڕووی هاووڵاتییاندا كراوە دەبن، ڕاشیدەگەیەنێت، "تیمی تەندروستی تایبەت لەو ڕۆژەدا پێكدەهێنرێن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ڕۆژی شەممە 12ی 5ی 2018 كە ڕۆژی هەڵبژاردن دەبێت پشووی ڕەسمی دەبێت، بۆ ئەوەش بنكەی تەندروستییەكان دەوامیان نییە، بەڵام لەسەرجەم شارو شارۆچكەكاندا نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان بە ڕووی هاووڵاتییاندا كراوە دەبن".

ناوبراو وتیشی:"لەنەخۆشخانەكانیشدا هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی تیمی پزیشك و كارمەندانی ئێشكگر لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن لەئەگەری دروست بوونی هەر حاڵەتێكی لەناكاو".

خالس قادر ڕوونیشی كردەوە، تیمە تەندروستییەكان و ئەمبوڵانسەكانی تەندروستییش بەهەمان شێوە ڕۆژی هەڵبژاردن لەئەركدا دەبن و هەر هاووڵاتیێک كاری پێیان هەبێت بەپەلە بۆی ڕایی دەكرێت و هیچ گرفت و ئاستەنگێك لەبەردەمی هاووڵاتییاندا دروست نابێت".

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

News Code 14045

Your Comment

You are replying to: .
captcha