ترپەی PYNK و PYDبە دەست پەکەکەیە/ گەشبین نین بەوەی ئەنجامی دانوستانەکان جێبەجێ بکرێت

بەشی سووریا- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S)  لە دانمارک بە کوردپرێسی گوت: من دڵنیام لەوەی گفتوگۆ کوردییەکانی کوردستانی سووریا تەنانەت بۆ ماوەیێکیش بووبێت لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا بەردەوامیی پێبدەدرێت بەڵام دڵنیا نیم کە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەکان دەستەبەر ببێت و ڕێککەوتنەکە لە ئەرزی واقیعدا بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

کوردپرێس:

یۆسف سولەیمان بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دوورنواڕی دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا کرد و لەو بارەیەوە گوتی: بێگومان هاووڵاتییانی کورد و بەتایبەت کوردەکانی سووریا ئەگەرچی بە وریایییەوە بووبێت بە هیوا و گەشبینییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆی نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سووریان کە تا ئەمڕۆ پێشکەوتنی باشیان بووە.

یۆسف سولەیمان گوتیشی دەستپێکردنی دانوستانی نێوان دوو لایەنەکە و ڕێککەوتن لە سەر دوورنواڕی سیاسی و کۆدەنگیی نێوان ڕوانگەکان بۆ پێکهێنانی مەرجەعی کوردی و دیکەی بابەتەکانیش چەند خاڵێکی گرینگنی ئەنجامی دانوستانەکانن. بەو حاڵەشەوە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و کشانەوەی نوێنەرانی ئەمریکا لە دانوستانی کوردی-کوردی تا پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لەو وڵاتە و دیکەی بابەتە لۆجستییەکان وای کرد دانیشتن و گفتوگۆی زیاتر لە نێوان دوو ڕەوتە کوردییەکە دوا بکەوێت.

ناوبراو زیادی کرد: لەم ماوەیەی ڕابردوودا پاش هاتنی لیژنەی ئەمریکی و دانیشتنە جیاجیاکان لەگەڵ دوو لایەنەکە و پێشوازی کردنیان لە دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانەکان چەند ڕووداوێک هاتە ئاراوە کە بووە هۆی دواخستنی دانوستانەکان نموونەی ئەو هۆکارانەش بریتییە لە لێدوانی نابەرپرسانە و پاساوهەڵنەگری ئاڵدار خەلیل سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی PYNK لەبارەی پێشمەرگەی ڕۆژ کە ئەو هێزانەی بە "بەکرێگیراوی تورکیا" تۆمەتبار کردبوو.

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا(PDK.S) لە دانمارک ئاشکراشی کرد: ئەمە هۆکاری سەرەکیی دواخستنی گفتوگۆکان بوو و لە بەرامبەردا ئەنەکەسە داوای لە ئاڵدار خەلیل کرد کە داوای لێبوردن لە هاووڵاتییانی کورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا بکات و لە وتە نابەرپرسانەکەی پاشگەز ببێتەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی لە کۆبوونەوەیێکدا بەیاننامەیێکی دەرکرد و داوای لە PYNK کرد لەوبارەیەوە هەڵوێست وەربگرێت و پاش ئەو بەیاننامەیەش PYNK لەگەڵ شاندی دژبەرانی سووریا لە کوردستانی عێراق دیداری کرد و ئەو دیدارەش یەکێکی تر لە لەمپەرەکانی بەردەوام بوونی گفتوگۆکان بوو.

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا(PDK.S) لە دانمارک لەبارەی داهاتووی گفتوگۆکانیشەوە گوتی: من دڵنیام لەوەی گفتوگۆ کوردییەکانی کوردستانی سووریا تەنانەت بۆ ماوەیێکیش بووبێت لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا بەردەوامیی پێبدەدرێت بەڵام دڵنیا نیم کە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەکان دەستەبەر ببێت و ڕێککەوتنەکە لە ئەرزی واقیعدا بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

یۆسف سولەیمان ئاماژەی بە هۆکارەکانی دژواریی دانوستانی نێوان لایەنەکان کرد و گوتی: PYNK تەنها دەوری لینکێکی سیاسی بۆ PYD دەگێڕێت و پەیەدەش لینکی پەکەکەیە. فەلسەفەی سیاسەتی پەکەکە لە سووریا تۆتالیتەر و تاک لایەنە و دیکتاتۆرییەتە و بەشداری پێکردنی ستراتێژییانە قبووڵ ناکات.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: پەکەکە لە مێژووی خۆیدا تەنها ڕێککەوتنی کاتیی تەکنیکیی کردووە کە ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی خۆی و لە کاتی کەم هێزبوونەوەیدا بووە و هەر کاتێک کێشەکانی تێپەڕاند پێبەند نابێت بە ڕێککەوتنەکانی واتا بڕوای بە بەشداری پێکردن و شەراکەت و برایەتی و خوێن و چارەنووسی هاوبەش نیە.

ناوبراو ئاماژەی بە دووهەم خاڵ کرد کە بۆتە هۆکاری بێئەنجام بوونی دانووستانەکان و لەو بارەیەوە گوتی: هەبوونی ئەمریکا لە دانوستانەکان هۆکاری بەردەوام بوونی دانوستانە و کاتێک گوشاری ئەمریکا نەبێت ئێمە دەگەڕێینەوە سەر قۆناغی یەکەم و هەمان ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی کەسایەتییەکان دەبینین. هەروەها نووسینگەی ئەو لایەنانەی دژبەرن دادەخرێت و دەسووتێندرێت و بە زۆر دەمی دژبەرانیان دەبەستن و هەموو حیزبەکان دەبێت کۆپیی دەقاودەقی عەقڵیەت و ڕەفتاری ئەوان بێت و لە بازنەی ئەواندا بخولێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە خاڵی سێهەمی هۆکاری دەستەبەرنەبوونی ڕێککەوتن کرد و گوتی: مەسەلەیێکی دیکەش مەسەلەی نەبوونی ڕژدی و بڕوابەخۆبوونی ئەوانە بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیێکی سیاسیی دانپێدانراوی کوردییە بۆ هاووڵاتییانی کورد و لە ڕاستیدا بەپێچەوانەشەوە ئەوان هەوڵ دەدەن مەسەلەی نیشتمانیی کوردی لە بیر بکەن و بە ناو نیشان و فریوی نەخوازراو مافی کوردەکان لە پێناو سیاسەتی وڵاتانی هەرێمی، کورت بکەنەوە بۆ برایەتیی گەل و خەڵکی دیموکراتیکی.

ناوبراو لە کۆتاییدا دووپاتیشی کردەوە کە بە بڕوای ئەو مەسەلەی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە مەترسیی ڕاستەقینەی ئەو هەشت پێیەدایە کە لە هەموو شوێنێک بڵاو بۆتەوە و ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو کوردستانیییێکە کە بەرەنگاری عەقڵیەتی خۆڵ کردنە چاوی هاووڵاتییان و بەلاڕێدا چوونی سیاسیی ئەوان ببێتەوە.

News Code 1403

Your Comment

You are replying to: .
captcha