کوردپرێس- تەنها دوو ڕۆژی تر بە دەستەوە ماوە بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی عێراق و لە سەر ڕاگەیێندراوەکەی کۆمیساریای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بڕیارە ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 لە 18 پارێزگای عێراقدا 18 ملوێن و 200 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە 329 پەڕلەمانتار بنێرنە بەغدا.
کورد پاش شکست هێنانی پڕۆژەی ڕیفراندۆم کەڵکەڵەی بردنەوەی کورسیی زیاتری کردووە لە بەر ئەوە بتوانێت لە بەغدا تینێک بخاتەوە دەسەڵاتی خۆی بۆ لۆبی کردن و ڕاکێشانی ئیمتیازی زیاتر بۆ کوردستان کە ئێستا گیرۆدەی قەیرانێکی قووڵی ئابوورییە. بەڵام پێدەچێت لێکترازانی کورد لەم قۆناغەدا لێکترازانێکە کە لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردووی حوکمڕانیی کوردیدا نموونەی نەبووە. هەر بۆیە دەبینین تەنانەت ئەو قەبارە وحیزبانەش کە لە بەکتر نزیکن بە لیستی جیاوازەوە هەتوونەتە مەیدانی هەڵبژاردن.
کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی سەبارەت بە پێگەی کورد لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق نووسیویەتی: کورد لە هەڵبژاردنی 2010 و 2014ی پەڕلەمانی دەوری سەرەکیی گێڕا بەڵام پاش ڕێفراندۆم و بەهۆی لێکەوتەکانی شکست هێنانی ئەو گشتپرسییە کە قورسترینیان داگیرکرانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بوو کورد تووشی لێکترازانی جیدی بووە و وا دەردەکەوێت گوڕ و هێزی ئەوەی تێدا نەبێت کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی دەوڵەت لە عێراق دەوری ئەوتۆ بگێڕێت.
فنەر حەداد توێژەرێکی پەیمانگای ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی نیشتمانیی سەنگاپوور و بە ئەلجەزیرەی وتووە: لەبەر لێکەوتەی ڕیفراندۆم و ئەو شکستە سیاسیەی تووشی کورد بوو دەنگ و تێڕوانینی کورد بە ڕێژەیێکی بەرچاو تووشی لێکترازان بووە. هەر ئەوەش دەبێت کارتی گوشار و بە دەست بەغداوە دەبێت و دەتوانێت بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئایندەی هەولێریش بەکاری بهێنێت چوونکە چیتر تەعامولی بەغدا تەنها لەگەڵ دوو حیزبی دەسەڵتداری هەرێم (پارتی و یەکێتی) نییە. چیتر ئەو سەردەمە بەسەر چوو.
ئیبراهیم مراشی مامۆستای کۆلیژی مێژوو لە زانکۆی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بڕوای وایە ئەگەرچی پارتی بە هۆی شکست هێنانی پڕۆژەکەی مەسعوود بارزانییەوە زەبری قورسی لێکەوت بەڵام دەنگەکەی جاران دەهێنێتەوە بەڵام یەکێتی تۆمەتی بەدەستەوەدانی کەرکووکی خراوەتەپاڵ و لە نێوخۆی حیزبیشەوە تووشی لێکترازان بووە و پێدەچێت ژمارەی کورسییەکانی کەم بکات.
مەئموون عەباسی لە یادداشتێکی گۆڤاری ئینگلیزیی "عەرەب ویکلی"دا نووسیویەتی: جەماوەری دەنگدەری کورد لە ڕەفتاری توندی هێزی ئاسایشی کورد ناڕازین و بە حاڵەتی ناڕەزایی بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و دڵنیان کە ژمارەیێک لە کورسییەکانیان کەم دەکات. بەڵام بەوەشەوە کێشەی سەرەکیی کورد ژمارەی کورسی نییە بەڵکوو ئەو لێکترازان و ناتەباییەی نێوان قەبارە سیاسییەکانی کوردستانە.
هووشەنگ وەزیری چاودێرێکی سیاسیی کوردیش لە یادداشتێکی New York Review of Books تیشکی خستۆتە سەر ناتەباییی نێوماڵی کورد و ئەو ڕەخنانەی گەلی کوردستان لە حوکمڕانیی هەرێم گرتوویانە و دەڵێت: ئەمڕۆکە کورد خۆی سەرکوتی خۆی دەکات بۆیەش سیستەمی حوکمڕانیی ئەمڕۆکە کوردستان وەکۆۆ سیستەمێکی تۆتالیتەی لێهاتووە.
فیکی فلیڕووت شرۆڤەکارێکی پەیمانگای پێوەندیی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا ڕاپۆرتێکی لەسەر کوردی هەرێمی کوردستان بڵاو کردۆتەوە تێیدا تیشکی خستۆتە سەر ڕەهەندێکی دیکەی هەڵبژاردنی عێراق و کارتێکەریی دەنگی کورد لەو هەڵبژاردنە و نووسیویەتی: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوا لە دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) بکەن ئاسایش و هێزی ئەمنیی خۆیان بەکار نەهێنن بۆ شوێنداری لە دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ڕاجیۆ ئۆگارۆڵ چاودێرێکی دیکەی سیاسی لە شێکردنەویێکدا باسی پێگەی کوردی کردووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق و یادداشتێکی لە ماڵپەڕی ئووراسیا نووسیوە و ئاوا باسی پێگەی کورد دەکات: قەبارە سیاسییەکانی کورد بەهۆی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەوە ورە و مەعنەویاتیان دابەزیوە و لای دەنگدەران شکۆ و متمانەیان شکاوە. تاکە هیوای کورد لەم خولەی هەڵبژاردندا بزووتنەوەی گۆڕانە بەڵام سەرەڕای زمانە سوورەکەی ئەو حیزبەش کورد هیوای ئەوتزی بە داهاتووی سیاسیی خۆی نییە ئەوەش لە بەر لێکەوتەکانی گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوولی 2017.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment