ڕووداوی هاتوچۆ له‌ میحوه‌ری ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا بۆ حومه‌یل 31 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌

به‌شی کرماشان- به‌ڕێوه‌به‌ری ڕووداوه‌کانی زانکۆی زانستیی پزیشکی کرماشان ده‌ڵێت: ڕووداوێکی هاتوچۆ له‌ نێوان دوو پاس له‌ میحوه‌ری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا بۆ حومه‌یل ڕووی دا که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ 7 که‌س کوژران و 24ی دیکه‌ش بریندار بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوکتۆر سائیب موده‌رسی له‌وباره‌وه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ی گوڵان دوو پاس له‌ یه‌کیان دا که‌ 6 که‌س له‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ گیانیان له‌ده‌ست دا و یه‌کی دیکه‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌دا گیانی خۆی له‌ده‌ست دا.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات به‌ گشتی 24 موسافیری ئه‌و پاسانه‌ بریندار بوون و ده‌شڵێت: 20 بریندار له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا خه‌وێندران و 4 برینداری دیکه‌ش ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تاڵقانی کرماشان کراون.

موده‌ڕسی ڕاشی‌گه‌یاند: ژنێکی دووگیانیش یه‌کێک له‌ بریندارانی ئه‌و ڕووداوه‌ بوو که‌ به‌په‌له‌ ڕه‌وانه‌ی به‌شی سکومای نه‌خۆشخانه‌ی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا کرا.

ناوبراو ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: تاکوو ئێستا پۆلیسی ڕێگاوبانی کرماشان هۆکاری ئه‌و ڕووداوه‌ی ڕانه‌گه‌یاندوووه‌.

شایانی باسه‌؛ پارێزگای کرماشان به‌ گشتی زیاتر له‌ 8 هه‌زار کیلۆمه‌تر ڕێگای سه‌ره‌کی، لاته‌کی و گوندی هه‌یه‌ و میحوه‌ری حومه‌یل بۆ ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا ڕێگای پێوه‌ندیی پارێزگای کرماشان له‌گه‌ڵ پارێزگاکانی ئیلام، خووزستان و لوڕستانه‌ و به‌شێک له‌ میحوه‌ره‌ پڕئاموشۆکان دێته‌ ئه‌ژمار و هه‌ڵکه‌وتوو له‌ 60 کیلۆمه‌تریی ڕۆژئاوای کرماشاندایه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13950

Your Comment

You are replying to: .
captcha