بەرەی تورکمانی و هەڵبژاردن لە کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەم خولەی هەڵبژاردندا کەسایەتییێکی گەنج و لێهاتوو بە ناوی "دوکتور ئەحمەد حەیدەر" خۆ بۆ هەڵبژاردن ئامادە کات کە لە باری قسە و وتاربێژییەوە زۆر لێهاتووە. دوکتور ئەحمەد حەیدەر ڕێبازێکی سەربەخۆی گرتۆتە بەر کە بە توانا و لێهاتوویی وتاربێژییەوە توانیویەتی لە نێوان ڕکابەرەکاندا باشتر خۆی بنوێنێت و پێوەندیی باش لەگەڵ کوردەکان دروست بکات و ئەوەش کارتێکەریی دەبێت لە پێوەندیی کورد لە ناوچەکە.

کوردپرێس- چوارەمین خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە کەرکووک جیاوازیی تایبەتی لەگەڵ خولە پێشووەکان هەیە. لەم خولەی هەڵبژاردندا قەبارە سیاسییە سەرەکییەکان وەکوو (فەتح، نەسر، سەدر، حەکیم، بەرەی تورکمانی و ...) قۆناغی شکستی داعشیان تێپەڕاندووە و خۆیان بۆ کێبەرکێی هەڵبژاردن و کورسیی زیاتر و گۆڕانکاری کردن لە پێکهاتەی سیاسیی عێراق ئامادە دەکەن.

لەم نێوانەدا کێبەرکێی لیستی فەتح و نەسر جێگەی سەخرنجە. فەتح وەکوو پێشەنگی قەبارە سیاسییەکانی حەشدی شەعبی و نەسریش وەکوو ئەو بەرەیەی ئەمڕۆکە باڵادەست و خاوەن دەسەڵاتە زیاترین پێوەندی و کاریگەری لە یەکتر وەردەگرن. پێدەچێت کێبەرکێی نێوان ئەو دوو لایەنە جگە لە لایەنی فۆڕمی، لایەنی ناوەرۆکیش لە خۆ دەگرێت و ڕاجیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان هەر دوو لاین لە سەر شێوازی ئیدارە کردنی عێراق و پێوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.

خاڵێکی دیکەی بەرچاو لەم خولەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەوەیە کە ژمارەیێک لە کەسایەتییە کوردەکان لە لیستی کوردستانی چوونەتە دەر و میکانیزمی قەومییەتیان وەلا ناوە و تێڕوانینێکی عێراقییانەیان هەیە. ئەو کوردانەی یان لە حیزبەکەی خۆیان زویر بوون یان پێوەندییان بە بازنەی نوێی سایسەت کردنەوە کردووە و بە لیستی جیاواز لە لیستی سوننەکان و لیستی دوڵەت و لە بەغدا و کەرکووک و واسیتەوە بوونەتە بەربژێری ئەم خولەی هەڵبژاردن.

دیارە هەستیاریی پرسی کەرکووک زیاتر لە پرسی عێراق نەبێت کەمتر نییە. ئەو شارە پاش ئەکتەوبری 2017 پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

لەو نێوانەدا پاش کەم تین بوونی ڕەوتی کوردی بە سەرکردایەتیی دوو حیزبی باڵادەستی کوردستان واتا پارتی و یەکێتی لە کەرکووک، حیزبە تورکمانی و شیعەکان پێشکەوتنیان بە خۆوە بینیوە و بوونەتە جەمسەرێکی باڵانسی ئاسایشی کەرکووک. پێش ئەم ڕووداوانە تورکمان لە کەرکووک هیچ دەورێکی نەبوو چ لە باری سەربازی و چ لە باری ساسییشەوە. بەڵام پاش هاتنی داعش و دامەزرانی کەتیبەکانی حەشدی شەعبی، بەرەی تورکمانیش توانیی بەرەبەرە خۆیان لە ئاستی سەربازی و سیاسیدا یەک بخەن و ببنە هێزێکی دەورگێڕی ناوچەکە. دیارە تورکمانی شیعە تێڕوانینی جیاوازی هەیە بۆ سیاسەت کردن و خاڵی سەرەکی بۆ سیاسەت کردنیان ڕەوتی ئاینزایییە و پێچەوانەی تورکمانی سوننە و ڕەوتی سیکۆلار بە سەرکردایەتیی ئەرشەد ساڵحی عێراقییانەتر و ئاینزاییانەتر دەڕواننە سیاسەت و جیاوازن لەو بەرەیەی تورکمان کە لە دەوڵەتی تورکیا نزیکە.

بە هەموو ئەوانەوە، بەرەی تورکمانی ساحەی بەشداری کردنی لایەنی جۆر بە جۆری تورکمانەکانە و ئەم جارەش کەسایەتییێکی وەکوو دوکتور ئەحمەد حەیدەر قاسم خۆ بۆ هەڵبژاردن ئامادە کات کە لە باری قسە و وتاربێژییەوە زۆر لێهاتووە. دوکتور ئەحمەد حەیدەر ڕێبازێکی سەربەخۆی گرتۆتە بەر کە بە توانا و لێهاتوویی وتاربێژییەوە توانیویەتی لە نێوان ڕکابەرەکاندا باشتر خۆی بنوێنێت و پێوەندیی باش لەگەڵ کوردەکان دروست بکات و ئەوەش کارتێکەریی دەبێت لە پێوەندیی کورد لە ناوچەکە.

News Code 13853

Your Comment

You are replying to: .
captcha