کوردپرێس:
بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕۆژی (22 ئازاری 2021) جەختی كردەوە بنەڕەتی ڕێككەوتنەكە پێشنیاری لیستە شیعەكان بووە لەبری دەقەكەی حكومەت، وەفدی هەرێمی كوردستانیش قبوڵی كردووە بەنیازێكی پاك و ڕوون بۆ تێپەڕاندنی بودجە و لە لیژنەی دارایی پەسەندكراوە بەڵام لەكاتی چاپ دەستكاریی دوو بڕگە كراوە بەپێچەوانەی ئەوەی لەسەری ڕێككەوتوون، ئەمەش لەپاشگەزبوونەوە و بێڕێزییەوە بەو ڕێككەوتنە نزیكە.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی وتووە، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە شیعەكان لەكاتی پیرۆزبایی نەورۆز جەختیان كردووەتەوە ئەو گۆڕانكاریانە كارناكاتە سەر بنەڕەتی رێككەوتنەكە و دەكرێت بەبێ ئاستەنگ چارەسەر بكرێن.
پێشتر رۆژنامەی ئەلسەباحی فەرمی بڵاویكردەوە سێ هۆكاری سەرەكی لەپشت دواخستنی دەنگدان بوون لەسەر بودجەی 2021 بۆ ماوەی هەفتەیەك لەكاتێكدا ڕۆژی شەممە هەموو ئامادەكارییەك كرابوو بۆ تێپەڕاندنی.
بەپێی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەكە (22 ئازاری 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە و پوختەی زانیاریی سەرچاوە جیاجیا پەرلەمانییەكانە، هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان یەكەمیان پەیوەندی بە هەڵوێستی وەفدی كوردییەوە هەیە كە ویستویانە حساباتی نەوت ساڵانەبێت نەك مانگانە، ئەوەش بەدڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەبووە و بەم هۆیەشەوە وەفدەكە تەلاری پەرلەمانیان بەجێهێشتووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە هۆكاری دووەمیش تانەی لیستی فەتح بووە لە پێدانی ئیمتیازاتی دارایی بە ئاوارەبووەكانی خێوەتگای ڕەفحا لە ڕاپەڕینی 1991، سێیەم هۆكاریش ناكۆكی و مشتومڕ بووە لەسەر نرخی دۆلار و داواكاریی گێڕانەوەی 100 دۆلار بۆ 119 هەزار لەمامەڵەی بانكی ناوەندی.
ئەلسەباح ئاماژەی بەوەكردووە جگە لەوانەش هەندێ لە لیستەكان داوای یەكلاییكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكانیان كردووە كە بەوەكالەت بەرێوە دەبرێن.
Your Comment