بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕەسووڵ خزری پاش ئەوەی لە هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: لە سەردانەکەی شاندی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان تەوەری کۆڵبەری و کرانەوەی مەرزە لاوەکییەکان باس و گفتوگۆی لە سەر کرا و دەوڵەتی مەرکەزیی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە ئەو مەرزە هاوبەشانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
ئەو پەڕلەمانتارە کوردە گوتیشی: پرسی کرانەوەی ئەو مەرزانە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە سەر کرا و بەڕێزیان ئاشکرایان کرد کە دەوڵەتی بەغدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە ئەو مەرزانە بکرێنەوە.
خزری درپژەی پێدا: سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەیاندا ئاشکرای کردووە کە داخرانی مەرزەکان لە بەر ئەو فشارانە بوو کە دەوڵەتی فیدراڵ دەیخستە سەر هەرێمی کوردستان و داخرانی مەرزەکان بێ گومان خەساری زۆری لە دانیشتوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان داوە هەر وەک خەڵکی ئەو دیوی سنووریش خەساری زۆریان لێکەوتووە.
ناوبراو گوتیشی بە وتەی بارزانی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان پرسی کرانەوەی ئەو مەرزانە باس کرا و عەبادی ڕەزامەندیی دەربڕی کە ئەو مەرزانە بکرێنەوە و ئێستاش چاوەڕێین حکوومەتی ئێرانیش بڕیارەکە پشتڕاست بکاتەوە بۆ ئەوەی مەرزەکان بکرێنەوە.
ڕەسووڵ خزری هیوای ئەوەشی خواست بەم زووانە فەرمانی کرانەوەی مەرزەکان دەربکرێت و یاسای هاوردە کردنی کاڵاش هەموار بکرێت بۆ ئەوەی چیتر بە کۆڵ ئاڵوگۆڕی کاڵا نەکرێت و ڕێگە بدرێت دانیشتوانی سنوور، عارەبانە بەکار بهێنن.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەر دوو لا ڕێک کەوتوون لە سەر ئەوەی مانگانە دانیشتن و کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان قایمقامی پیرانشاری ئێران و چۆمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی کێشەی ئەو مەرزانە چارەسەر بکرێت.
Your Comment