هۆکاری پاشه‌کشێی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ عه‌فرین/ ده‌ستدرێژکاران له‌ عه‌فرین ده‌رده‌که‌ین

به‌شی سووریا- شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکی PYD له‌باره‌ی هۆکاره‌کانی پاشه‌کشێی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ عه‌فرین به‌ دوای هێرشی سوپای تورکیا و گرووپه‌ سوورییه‌کانی هاوپه‌یمانی ئه‌وان ده‌ڵێت به‌رخۆدانی کورد تاکوو ده‌رکردنی ئه‌و هێزانه‌ درێژه‌ی ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ستکهۆلمی سوید له‌باره‌ی دوایین گۆڕانکارییه‌کانی کوردستانی سووریا قسه‌ی ده‌کرد ڕای‌گه‌یاند: "به‌رخۆدانێکی سیاسی و سه‌ربازیی قورس له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌‌کانی تورکیا ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و به‌رخۆدانه‌ تاکوو ده‌رکردنی به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وان له‌ عه‌فرین درێژه‌ی هه‌یه‌."

حه‌سه‌ن ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ له‌ عه‌فرین کوشتوبڕ و وێرانی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی تورکیا له‌وان به‌ره‌ی نوسره، ئه‌حرارولشام و داعش ئه‌نجام ده‌درێت.

ناوبراو ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت له‌ ڕۆڵی ڕووسیا له‌ شه‌ڕی عه‌فرین که‌ سنووری ئاسمانیی سووریای به‌ ڕووی فڕۆکه‌کانی تورکیا کرده‌وه‌.

هاوسه‌رۆکی PYD ڕه‌خنه‌شی له‌ بێده‌نگیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و دیکه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت هه‌مبه‌ر هێرش کردنه‌ سه‌ر عه‌فرین.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری پاشه‌کشێی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ عه‌فرین ده‌شڵێت: "حکوومه‌تی تورکیا هاوپه‌یمانانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریای بوردومان کرد. ئێمه‌ بڕیارمان دا پاشه‌کشێ بکه‌ین چوونکه‌ تورکیا له‌ ڕۆژانی دواییدا هێرشه‌کانی خۆی زیاتر کردبوو. خه‌ڵکی سڤیل ده‌کرانه‌ ئامانج. تورکیا نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرینی کرده‌ ئامانج و نزیک به‌ 50 خه‌ڵکی سڤیل گیانی خۆیانیان له‌ ده‌ست دا. ئێمه‌ش بڕیارمان دا بۆ ڕێگری له‌ کوشتوبڕێکی گه‌وره‌تر پاشه‌کشێ بکه‌ین."

شاهۆز حه‌سه‌ن گوتیشی: "پاشه‌کشێ به‌ مانای کۆتاییی به‌رخۆدان و شه‌ڕ نییه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ بۆ ئاسایشی گیانی خه‌ڵکی سڤیل گیراوه‌ته‌به‌ر و ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ عه‌فرین بۆ حکوومه‌تی تورکیا و چه‌کدارانی داعش به‌جێ ده‌هێڵین. شه‌ڕ و به‌رخۆدان تاکوو ده‌رکردنی ده‌ستدرێژکاران له‌ عه‌فرین درێژه‌ی ده‌بێت."

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13724

Your Comment

You are replying to: .
captcha