کوردپرێس- سەردانەکەی عەبادی دوو مانگ پاش دەست پێکردنەوەی خەرج کردنی مووچە لە لایەن بەغداوە بۆتە تەوەری موناقەشە کردنی یەکتر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا. لایەنگرانی دوو حیزبەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی پاڵپشتیی عەبادی دەکەن و یەکیان دەڵێت ئەوی تر دەستی بووە لە ڕووداوەکانی 16 ئەکتەوبەر و گەڕانەوەی هێزی عێراقی بۆ کەرکووک و ئەوی تر ڕەخنە لە ڕاخرانی فەرشی سوور بۆ عەبادی دەگرێت لە هەولێر.
لە لایێکی دێکەشەوە یەکێتی ئەوەی بەرجستە کردۆتەوە کە عەبادی ئامادە نەبوو بۆ پرسەی مام جەلال بێتە سلێمانی بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی ئەو شارەی کرد.
سەرەڕای ئەوەش ناکۆکیی نێوخۆی پارتی کە ڕیرفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول نموونەی ئاشکرای بوو ناشاردرێتەوە. لە کەرنەڤاڵی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمدا نێچیرڤان بارزانی بەشداریی نەدەکرد بەڵکوو مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆکایەتیی کەرنەڤاڵەکانیان دەکرد.
کەس لە بیری نەچووە کە نێچیرڤان بارزانی پێش ڕیفراندۆم ئاماژەی بە ئاڵاکەی عێراق کرد و وتی بڕیار نییە پاش ڕیفراندۆم کوردستان جیا ببێتەوە بەڵکوو ئەم ئاڵایە بۆ هەمیشە لێرە دەمێنێتەوە و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارە کردنی کێشەکان دەست پێدەکات. هەر بۆیەش ناوبراو وەکوو نژیارڤانی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر ناسراوە.
سەرەڕای پەراوێز و باس و خواسی سەردانەکەی عەبادی بۆ سلێمانی و هەولێر، ئەو سەردانە چەند پەیامی پێوەیە:
یەکەم پەیامی ئەو سەردانە پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول ئەوەیە کە سێبەری لێکەوتەی ڕیفراندۆمەکە کەم تین بۆتەوە. دەوڵەتی بەغدا هەندێک لە سزاکانی سەر هەرێمی لەم ماوەیەدا هەڵگرتووە کە کرانەوەی فڕۆکەخانە و خەرج کردنی مووچەی تەندروستی و پەروەردە دوو نموونەی بەرچاو بوون.
پەیامی دووهەمی سەردانەکەی عەبادی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە عەبادی بەو سەردانەی بە هەموو عێراقییەکانی ڕاگەیاند کە لای سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ جیاوازییێک لە نێوان بەسرا، بەغداد، هەولێر و سلێمانی نییە و هەمووی لە عێراقێکی یەکگرتوودا کۆ بۆتەوە.
حەیدەر عەبادی وەکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداری ئەو وڵاتە گوتوویەتی هێزی پێشمەرگەش بە هێزێکی عێراق دەزانێت و سەبارەت بە ڕووداوەکانی 16 ئەکتەوبر ئاوای وتبوو: "لە کەرکووک بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ هێزی خۆجێیی ئاڵوگۆڕی هێز دەکەین". بەوەش هێزی عێراقی گەڕایەوە ناوچەی جێناکۆک و عەبادی ڕایگەیاند پێشتر ئەو بابەتەی بە ئەمریکییەکان وتبوو. بۆیەش لە سلێمانی ستایشی ئازایەتی و ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و وتی: " هێزی پێشمەرگەش وەکوو هێزی عێراقی بۆ ئەم وڵاتە قوربانیی داوە."
عەبادی لە هەولێریش دووپاتی کردەوە کە جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب نابینێت و گوتیشی بە هەموو هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک و دەوروبەری ئەو شارەی وتووە کە نایهەوێت خوێنی کەس بڕژێت چوونکە سەردەمی خوێن ڕشتن و دووچاوەکیی نێوان کورد و عەرەب بە سەر چووە. ئەو وتانەی عەبادی و سەردانەکەی بۆ ماڵی شەهید شێرکۆ فاتێح کە فەرماندەیێکی پێشمەرگە بوو پەیامێکی ئاشکرا بوو لە سەر یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
لە لایێکی ترەوە دیدار نەکردنی عەبادی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پەیامێکی تر بوو کە دەلالەتە لە سەر سەرهەڵدانی وەرزێکی نوێ لە عێراق و سەلماندی ئەو وەرزە نوێیە جووڵەی جیاییخوازان لە عێراق قبووڵ ناکات.
ئەوەشی لە سەر بێت کە سەردانەکەی عەبادی بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتێکدا ئەنجام درا کە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بەرەوڕووی کێشەی جدی بۆتەوە و لێکترازان و جیابوونەوە و ناکۆکیی نێوان حیزبەکان زیادی کردووە و بێگومان ئەوەش کارتێکەریی دەبێت لە سەر ژمارەی کورسییەکانی کورد لە پەڕلەمانی عێراق. لە بیرشی نەکەین هەر ڕەوت و هاوپەیمانییێک براوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی ێعراق بێت لە پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانیدا ناتوانێت پێگە و دەوری کورد لە بەر چاو نەگرێت.
حەسەن ساڵحی
Your Comment