بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەریق حسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لە مەڕاسیمی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی کەنداوی فارس لە زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانیدا تیشکی خستە سەر سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ بۆ سعوودیە و ئەو ڕەخنانەی لە سیاسەتی ئێرانی گرتبوو.
فەریق سەلامی لەو بارەیەوە وتی: ئەمریکا لە ئاسیا و کەنداوی فارس تەنها پەیڕەوی یەک ستراتێژی دەکات ئەویش ستراتێژیی گرێ کوێرەی ئاسایش و باڵانسی دەسەڵاتە لە ناوچەکە.
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران زیادی کرد: ئەمریکا ئەو تۆمەتە دەخاتە پاڵ ئێران کە گوایا ئێمە پاڵپشتیی تێرۆرمان کردووە ئەوەش لە حاڵێکدایە ئێمە خۆمان قوربانیی تێرۆرین و بەردەوام لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستان وەستاوین بەڵام ئاشکرایە کە داعش دەساوی دەستی دەوڵەتەکەی ئۆبامایە و هیلاری کلینتۆن و زۆر بەرپرسی دیکەی ئەمریکاش دانیان بەوەدا ناوە.
ناوبراو گوتیشی ئەمریکا بەنیازە لای وڵاتە عەرەبییەکان سیمایێکی ترسناک لە ئێران بخولقێنێت لە بەر ئەوەی بەردەوام پاساوی هەبێت بۆ ئامادە بوونی خۆی لە ناوچەکەدا و چەکیان پێ بفرۆشێت و بازرگانییان بە سەرەوە بکات. ئەوەش سیاسەتی هەمیشەیی ئەمریکا بووە.
فەریق سەلامی لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە مووشەکەکان هێزی بەرگری و سەرمایەی نیشتمانیی ئێرانن و هەرگیز ڕازی نابن ئەو چەکە داماڵن.
Your Comment