به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) ده‌ڵێت: نابێت سه‌رۆکی حیزبه سیاسییه‌کان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار به‌شداری بکه‌ن چوونکه ئه‌و پۆسته پێویستی به بێلایه‌نیی سیاسی هه‌یه.
قلیچدارئۆغڵۆ له گردبوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی مارماریسی پارێزگای مۆغلا ڕای‌گه‌یاند به‌ربژێریی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار نابێت و وه‌بیری هێنایه‌وه که ده‌بێ سه‌رکۆماری هه‌ڵبژێردراو پێش له دانیشتن له‌سه‌ر کورسیی سه‌رۆکایه‌تی سوێندی بێلایه‌ن له په‌رله‌مان بخوات.
ناوبراو له‌وباره‌وه جه‌ختی کرده‌وه: "ئه‌گه‌ر سه‌رۆک کۆمار سه‌ر به حیزبێک بێت چۆن ده‌توانێت نیازپاکانه و بێ‌لایه‌نانه پرسه‌کان لێک بداته‌وه؟ سه‌رکۆمار ده‌بێ بێلایه‌ن بێت."
CHP هێشتا به‌ربژێریی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار نه‌ناساندوووه که ڕۆژی 24ی جوونی 2018 هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌چێت.
شایانی باسه؛ تاکوو پێش له په‌سه‌ند کرانی گۆڕانکارییه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تی له گشت‌پرسیی ساڵی 2017 سه‌رۆک کۆمار نه‌یده‌توانی وابه‌سته‌ییی حیزبی بێت. ئه‌ردۆغانیش پێش له په‌سه‌ند کرانی یاسای بنه‌ڕه‌تیی نوێ وازی له پۆستی سه‌رۆکی پارتی داد و گه‌شه هێنابوو به‌ڵام به دوای گشتپرسییه‌که هه‌مدیسان وه‌کوو سه‌رۆکی ئه‌و حیزبه ده‌ستنیشان کرا.
سه‌رچاوه: حوڕییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment