کوردپرێس:
ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان (شەممە 20ى ئازارى 2021) لە لێدوانێکى تایبەتدا بە "ناس"ى وت، ئەو ڕێککەوتنەى دوێنێ ئێوارە کرا لەنێوان شاندی کوردى و کوتلە شیعەکان شکستى هێنا، ئەوەش بە چەند هۆکارێکى کتوپڕ.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی کردووەتەوە، "وەک ئەوە وایە یارى مار و پەیژە بکەین وەک هەموو جارەکانى تر، کاتێک ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکان شکست دەهێنێت، تائێستاش هۆکارى ڕوخانى ڕێککەوتنەکان نادیارن و ئەگەر هۆکارەکان بزانین ئەوا شتێکى باش دەبوو."
ڕێزان شێخ دلێر جەختی لەوەش کردووەتەوە، تائێستاش دانوستان لەنێوان هەردولادا بەردەوامە ئەویش لە ڕێگەى دانیشتنەکانەوە کە ئەنجام دەدرێن لە ئێستادا، ئەو پەرلەمانتارە ڕەتیشیدەکاتەوە وەفدى کورد کشابێتەوە و تەئکید دەکاتەوە کە تائێستاش لە بەغدان و لە گفتوگۆدان.
بەوتەی زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا شەوی ڕابردوو شاندی باڵای هەرێم و لایەنە شیعییەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و بڕیاربوو کاتژمێر 10:00ی ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، بەڵام دیسان بەهۆی پشکی هەرێم دانیشتنەکە ئەمجام نەدرا.
بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، لایەنە شیعییەکان گۆڕانکارییەکیان لە بڕگەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کردووە و مەرجێکیان داناوە لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە ناردنی نەوت.
بەپێی زانیارییەکان کە لە چەند سەرچاوەیێکی پەرلەمانییەوە دەست کەوتووە، لایەنە شیعییەکان لە بڕگەکەدا ئەوەیان جێگیری کردووە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە، ئەوە بەغدا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنان و موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی ناڕازین بەم گۆڕانکارییە و هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە دەکەن.
هەر بەوبۆنەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و سەرۆی فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە، بەشیر حەداد, جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، "پێمان باش بوو دانیشتنى پەرلەمان چەند ڕۆژێک دوابخرێت، لەوانەیە ئەمڕۆ بڕیارى ئەوە بدەین کە ئایا لایەنەکان بەشدارى دەکەن یاخود نا."
هێماى بۆ ئەوەش کرد، "ڕێککەوتنەکە هەڵنەوەشاوەتەوە بەپێى یاسا و عورفى ڕێککەوتن کراوە و مۆرى لیژنەى دارایى لێدراوە و بەسەر ئەنداماندا دابەش کراوە، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕاوە و ئێمە وەک سەرۆکایەتى پەرلەمان ئەو گۆڕانکاریانە قبوڵ ناکەین و ئەوەى ڕێکەوتنى لەسەر کراوە دەڕوات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "کێشەکە ئێمە نین و کێشەى گەورەتر هەیە و شاندى کورد واژۆى لەسەر گۆڕانکاریە کردووە و کشانەوە لێى لەلایەن کوردەوە نەبووە، ئەوەش قسەمان لەسەر کردووە و قابیلى چارەسەرە."
لەدوای ئەو گرفتەش، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران (20 ئازاری 2021) بڵاویکردەوە، كە بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆكانەوە لەبارەی بودجەی 2021، هەروەها بۆ پێدانی دەرفەت بە لیژنە پەیوەندیدارەكان بۆ پێداچوونەوە و وردبینی، بڕیاردرا دەنگدان لەسەر بودجەی 2021 دوابخرێت بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو (27 ئازاری 2021) كاتژمێر 1 پاش نیوەڕۆ.
Your Comment