سەدان گوندی کەرکووک بووەتە مەکۆیێکی ئەمن بۆ داعش

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دانیشتوانی باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک بە بۆنەی جووڵەی ئازادانەی داعش لە ناوچەکانیاندا و هەروەها نەبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تووشی هەڕەشەی جیدیی داعش بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدریس عادل به‌رپرسى كۆمیته‌ى قه‌زاى داقوق ى باشوورى كه‌ركووكى یه‌كێتى دەڵێت: "هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ ناو شار و جاده‌ سه‌ره‌كییه‌كانن، گونده‌ كوردنیشینه‌كان هیچ هێزێكى تێدا نیه‌ بیانپارێزێت، بۆیه‌ داعش شەوانە هاتووچۆ ده‌كات".

ئیدریس عادی دەیشڵێت چه‌كدارانى داعش به‌شه‌وان هێزه‌كانیان به‌ماتۆڕ سێکلێت به ‌گونده‌كانى باشوورى كه‌ركووكدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. هێزه‌ عێراقییه‌كانیش ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجام دانى ئۆپه‌راسیۆن لە دژی داعش دەکەن.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه‌ چوونه‌ته‌ ناوچه‌ى هه‌فته‌غار ئازارى هیچ كوردێكى گوندنیشینیان نه‌داوه‌، به‌ڵام سوراونه‌ته‌وه‌ و بوونى خۆیان سه‌لماندووه‌. ئەو گوتى"په‌یوه‌ندیمان به‌هێزه‌ عێراقییه‌كان كردووه‌ بۆ پاراستنى گونده‌ كوردنیشینه‌كان و ئێستا پۆلیسى فیدرالىیان بۆ ته‌نیشت گونده‌كان ناردووه‌.

ناوچه‌یێكى به‌رفراوان و به‌سه‌دان گوندى باشوور و رۆژئاواى كه‌ركووک هێزى عێراقى تێدا نییه‌، بۆیه‌ داعش به‌و ناوچانه‌دا هاتووچۆ ده‌كات و ئه‌و ناوچانه‌ى كردۆته‌ پێگه‌ى خۆى.

عه‌لى حسێنى وته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى لە میحوه‌رى باكوورى عێراق به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند: ناوچه‌كانى باشوورى كه‌ركووک و زه‌رگه‌ هێزى كه‌م تێدایه‌، بۆیه‌ داعش به‌شه‌وان ده‌رده‌كه‌ون و ده‌چنه‌ گونده‌كان. گوتیشى "به‌م نزیكانه‌ ئۆپه‌راسیۆن له‌دژیان ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

جم و جووڵه‌كانى داعش له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووک هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان رێوشوێنیان گرتۆته‌ به‌ر تا نەهێلن داعش هەڵبژاردنەکان بشێوێنن.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13689

Your Comment

You are replying to: .
captcha