ژماره‌یێک به‌رپرسی پارتی په‌یوه‌ندی به سوپای به‌دره‌وه‌ ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ژماره‌یێک به‌رپرسی پارتی په‌یوه‌ندیی به‌ سوپای به‌دره‌وه‌ ده‌که‌ن و به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریی زیاتر ئاشکرا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "پارتی به‌رده‌وام یه‌کێتی به ‌خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌کات و ھه‌رچی به‌رپرسه‌ باڵاکانیشیه‌تی له ‌سنووری شنگال و زوممار په‌یوه‌ندییان به ‌ھێزی به‌دره‌وه‌ کردوووه‌ و بڕیاریان داوه‌ کار بۆ ھادی عامری بکه‌ن".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شێخ ساڵح گه‌رگه‌ری کارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی مووسڵی یه‌کێتی و سه‌رپه‌رشتیاری کۆمیته‌کانی یه‌کێتی له ‌ڕۆژئاوای دیجله‌ له‌ لێدوانێکدا به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئێواره‌ی دوێنێ له‌ ناحیه‌ی زوممار باره‌گای ڕێکخراوی به‌در به ‌ڕه‌سمی کرایه‌وه ‌و ژماره‌یێک به‌رپرسی پارتیش وازھێنانی خۆیان له ‌پارتی ڕاگه‌یاند و په‌یوه‌ندییان به‌ ڕێکخراوی به‌دره‌وه‌ کرد".

به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه: "پێشتر پارتی یه‌کێتی به ‌خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌کرد و ڕۆژانه‌ ته‌شھیریان به‌ حزبی شه‌ھیدان ده‌کرد به‌ڵام ئێستا له‌ سنووره‌که‌دا به‌رپرسه‌ باڵاکانیان په‌یوه‌ندییان به‌ ھێزی به‌دره‌وه‌ کردوووه ‌و بڕیاریان داوه‌ کار بۆ ھادی عامری بکه‌ن بۆیه‌ ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت خه‌ڵک بزانێت کێ خیانه‌تکاره‌ و کێ دڵسۆزه‌".

کاتژمێر ١٠ی به‌یانی ڕۆژی ٢١ی ٤ی ٢٠١٨ ڕێکخراوی به‌در که‌ سه‌ر به‌ ھادی عامری سه‌رۆکی قه‌واره‌ی فه‌تحه‌ به‌ ڕه‌سمی باره‌گای خۆی له ‌ناوه‌ندی ناحیه‌ی زومماری سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال کرده‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ گه‌رگه‌ری وتی: "ھه‌موو ئه‌و به‌رپرس و لایه‌نگرانه‌ی پارتی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ کردوووه‌ که‌سێک سه‌رپه‌رشتیان ده‌کات پله‌ی کارگێڕی لقی شنگاله‌ له ‌ناو پارتیدا".

ھه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پارتی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ کردوووه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتییه‌وه‌ ناوه‌کانیان ئاشکرا کراوه ‌و ناوه‌کانیش لای SNN پارێزراوه‌ له‌و ڕوووه‌شه‌وه‌ گه‌رگه‌ری ئاشکرای کرد کارگێڕی لقی شنگالی پارتی و ئه‌ندامی لق و به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی زوممار و کارگێڕێکی ناوچه‌ی زوممار و کارگێڕێکی ناوچه‌ی سه‌رھه‌ڵدانی (عیازیه‌) له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک کادیر و ئه‌ندامی پارتی ھه‌مویان په‌یوه‌ندییان به ‌ڕێکخراوی به‌دره‌وه‌ کردوووه‌.

به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتیی ڕه‌خنه‌ی له ‌پارتی گرت و وتی: "به‌رده‌وام ئێمه‌تان تۆمه‌تبار و تاوانبار ده‌کرد له ‌ژێر چه‌ندین ناوی جیاواز جیاوازدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ‌واقیعی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ کاردانه‌وه‌کانی دوای ڕیفراندۆم و ھاتنی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان کرد و ناوچه‌که‌مان به‌جێ نه‌ھێشت به‌ڵام ھیچ که‌س له ‌ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ حه‌شده‌وه‌ نه‌کردوووه‌ و له‌ ناو حزبه‌که‌ی خۆیدا خزمه‌ت ده‌کات".

شایانی باسه‌؛ حه‌شدی شه‌عبی پێکھاته‌ی جیاوازی ھه‌یه‌ که‌ یه‌کێک له‌ ڕێکخراوه‌ دیاره‌کانی ناو ئه‌و ھێزه‌ سه‌ربازییه‌ ڕێکخراوی به‌دره‌ و پێکھاته‌ی حه‌شدیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌ (ھێزی به‌در، سه‌رایای خوراسانی، سه‌رایای سه‌لام، که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا، عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق) و به‌شێکی دیکه‌ی حه‌شدی شه‌عبیش له‌و خۆبه‌خشانه‌ پێکدێت که‌ له ‌دوای فتواکه‌ی سیستانیه‌وه‌ ڕێکخراون و به‌در له‌لایه‌ن ھادی عامریه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13664

Your Comment

You are replying to: .
captcha