کوردپرێس- عەلی هاشمی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لەخورماتوو، رایگەیاند: لە خۆرئاوای سنووری قەزای داقوق و بە دیاریكراوی هەردوو گوندی (حەفت تەغار) و (یاسر ئاغا)، چەكدارانی داعش بە ئاشكرا دەسوڕێنەوەو ترسیان لای دانیشتووانی ئەو گوندانە دروست كردووە.
وتیشی:" تیرۆریستانی داعش لە بەرزاییەكانی زەرگەو سنووری قەزای حەویجەوە دزە دەكەنە سنووری داقوق، ئەو ناوچانەش تاڕادەیەك نیمچە قەدەغەكراون، واتا نە هێزەكانی عیراق و نە هێزی پێشمەرگەشی لێیە، لەڕووی ئەمنییەوە فەرامۆشكراوە".
وتەبێژەكەی حەشدی شەعبی هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت: ئەگەر بەزوویی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی فراوان لەو سنوورە ئەنجام نەدرێت، مەترسی لەسەر هەردوو قەزای داقوق و خورماتوو دروست دەبێت، بەتایبەت لەسەر رێگای سەرەكی نێوان (كەركوك – داقوق).
ئاشكراشی كرد: بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی فراوان لەو سنوورە ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی رواوەدونانی پاشماوەكانی داعش لەناوچەكە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment