شیعه‌ له‌ عێراق و پارتی له‌ هه‌رێمی کوردستان براوی هه‌ڵبژاردن ده‌بن

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی و په‌ڕله‌مانتاری پشکی ئه‌و حیزبه‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا وتوویه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ش به‌ حاڵی خۆی ئۆباڵی که‌مته‌رخه‌مییه‌کان و که‌م و کوڕییه‌کانی خۆی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت به‌ڵام جه‌خت له‌ سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌ مێژوویییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ش ده‌کاته‌وه‌.

کوردپرێس- پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کوو حیزبێکی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم له‌ ماوه‌ی 27 ساڵی ڕابردوودا کاتی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی عێراق سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگای جیاوازی گرتۆته‌ به‌ر.

ئه‌و حیزبه‌ پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوولی 2017 له‌لایه‌ن حیزب و قه‌باره‌ سیاسییه‌کانی کوردستانه‌وه‌ زیاترین ڕه‌خنه‌ی لێگیراوه‌ و هێرشی بانگه‌شه‌ییی کراوه‌ته‌ سه‌ر. پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کوو ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی عێراقی بۆ که‌رکووک هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی له‌و پارێزگایه‌ بایکۆت کردوووه‌.

کوردپرێس له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ دیمانه‌کانی خۆیدا که‌ له‌گه‌ڵ په‌ڕله‌مانتارن و سه‌رکرده‌ی لیست و قه‌باره‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کردوویه‌تی ئه‌م جاره‌یان ڕا و تێڕوانینی فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و په‌ڕله‌مانتاری به‌رجه‌سته‌ی پارتیی وه‌رگرتوووه‌ له‌ سه‌ر پرسی کورد و ناکۆکیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌ڕله‌مانی عێراق.

فرسه‌ت سۆفی له‌م دیمانه‌یه‌دا سیاسه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستا و وه‌ڵامی ئه‌و حیزبه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گرانی پارته‌که‌ی و ئه‌و بابه‌تانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆکاری بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکووک له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ شی ده‌کاته‌وه‌.

ناوبراو پێشبینی ده‌کات پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کوو خوله‌کانی پێشووی هه‌ڵبژاردن زیاتر ده‌نگ مسۆگه‌ر بکات و له‌ نێو حیزبه‌ کوردستانییه‌کاندا ببێته‌ یه‌که‌م و حیزبه‌ شیعه‌کانیش به‌ براوه‌ و سه‌رکه‌وتووی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌زانێت و بڕوایشی وایه‌ پاش خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی عێراق موعادیله‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به‌ سه‌ردا نایه‌ت.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

کوردپرێس: پارتی دیموکراتی کوردستان چاوه‌ڕێ چی له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌که‌ن؟

فرسه‌ت سۆفی: تا ئێستا چه‌ند ڕۆژێکه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و حه‌مله‌ی ئینتیخابی ده‌ستی پێکردوووه‌ و تا ڕاده‌یێکی باش به‌ ئاشتییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌ڕوات و ئێمه‌ پێمانوایه‌ که‌ موعادیله‌ی سیاسی له‌ عێراق گۆڕانکارییێکی ئه‌وتۆی به‌ سه‌ر نایێت چوونکه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌موچاوه‌کان بگۆڕێت ئه‌گینا وه‌کوو ته‌ڕه‌ف له‌ عێراق بڵێین شیعه‌کان هه‌میشه‌ زۆرینه‌ن و له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک به‌ ته‌ئکید ئه‌وان حوکمی عێراق ده‌گرنه‌ ده‌ست بۆیه‌ من پێم وانییه‌ موعادیله‌یێکی سیاسی له‌ عێراق ڕوو بدات.

کوردپرێس: له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستاندا وه‌کوو پارتی که‌ ئاماژه‌تان پێدا گۆڕانکارییێک له‌ پێگه‌ی پارتی و ده‌نگه‌کانی پارتی دێته‌دی؟

فرسه‌ت سۆفی: ئێمه‌ پێمان وایه‌ و به‌پێی هه‌موو ئیتیلاعاتێک ڕه‌ی که‌ کراوه‌ تا ئێستا پارتی هێزی یه‌که‌مه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و هه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش به‌ هێزی یه‌که‌م ده‌مێنێته‌وه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریمان له‌ ئاستێکی باشدایه‌. به‌ ته‌ئکید ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ڕوویان داوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم که‌م تا زۆر کاریگه‌ری ده‌بێت به‌ سه‌ر ڕێژه‌ی کورسییه‌کانی ئێمه‌ش به‌ڵام له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئێمه‌ هه‌ر هێزی یه‌که‌م ده‌بین و ژماره‌ی کورسی و ده‌نگه‌کانمان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌موو حیزبه‌ سیاسییه‌کانی‌تر زیاتر ده‌بێت.

کوردپرێس: پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کوو پارتی یه‌که‌م له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردندا زیاتر له‌ هه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ و هێرش بۆته‌وه‌. به‌رپرسیارێتیی ئه‌م کێشانه‌ که‌ ئێستا به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی پارتی، بۆچوون و ڕای جه‌نابتان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ چییه‌؟

فرسه‌ت سۆفی: پارتی حیزبێکه‌ که‌ هه‌میشه‌ سامی داوه‌ته به‌ر‌ به‌رپرسیارێتی، ئه‌و حیزبه‌ له‌و حیزبانه‌یه‌ که‌ کاتێک قه‌یرانێک دێت مل ده‌داته‌ به‌ر به‌رپرسیارێتی و خۆی له‌ به‌رپرسیارێتی ڕا ناکات. من پێم وایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان به‌ چاک و خراپیه‌وه‌ ڕووی داوه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان شه‌ریکن و له‌ شکه‌سته‌کانیش مه‌سئوولن که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو ڕووی داوه‌ چوونکه‌ پارتی به‌ ته‌نها حوکمی کوردستانی نه‌کرد یانی به‌ لانی‌که‌م ته‌نانه‌ت پارتی نیوه‌ی زیاتری هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ مودیری مه‌کته‌بێک یان قوتابخانه‌یێک ده‌ستکاری بکات. چه‌ندین حیزبی سیاسی به‌ شێوه‌ی موتله‌ق حوکمی ئه‌و شوێنانه‌یان کردوووه‌ به‌ داهاته‌کانی، به‌ خه‌رجه‌کانی، به‌ حوکم و ئه‌منییه‌تی، به‌ عه‌سکه‌ری، به‌ پێشمه‌رگه‌ی، به‌ وه‌به‌رهێنان، به‌ شاره‌وان و به‌ هه‌موو ته‌فاسیر به‌ ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی حوکمیان کردوووه‌. جا ئێستا که‌ کات هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵک کێشه‌ی هه‌یه‌، وه‌زعی ئیقتیسادی خراپه‌ و هێزه‌کان خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕا کردنه‌ له‌ مه‌سئوولیه‌ت به‌ڵام ئێمه‌ به‌ش به‌ حاڵی خۆمان و به‌پێی پێگه‌ و حیزبی خۆمان له‌ حوکمڕانی ئێمه‌ش ئوباڵی که‌مته‌رخه‌مییه‌کان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرین به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ئێمه‌ ئوباڵی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ گه‌ورانه‌ش وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرین که‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو هاتوونه‌دی و ئه‌ڵێین ئێمه‌ پشکی شێرمان به‌ر ده‌که‌وێت هه‌روه‌کوو چۆن له‌ شکسته‌کانیش وتوومانه‌ ئێمه‌ مه‌سئوولیه‌تی زیاتر هه‌ڵده‌گرین و ئه‌منییه‌تی کوردستان و با بڵێین ئه‌و ته‌قینانه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان کراون ناکاته‌ یه‌ک ڕۆژ که‌ له‌ به‌غدا کراون و پێشه‌وایه‌تی زیاده‌ی مه‌له‌فی ئه‌منیمان کردوووه‌ و به‌ شانازییه‌وه‌ توانیومانه‌ له‌ ناو ئه‌و هه‌موو گه‌له‌گورکه‌ و له‌ ناو ئه‌و هه‌موو ئیرهاب و تیرۆریستانه‌ ئێمه‌ کوردستان به‌ ئه‌منییه‌ته‌وه‌ بپارێزین. ئێمه‌ شانازی ده‌که‌ین که‌ مه‌له‌فی خارجی و پێوه‌ندیی دیپلۆماتیک و کونسووڵییه‌کانمان کردوووه‌. هه‌رێمی کوردستان توانی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماتیک وه‌ده‌ست بێنێت. له‌ ماوه‌ی ڕابردوو و حه‌تا له‌ بواری ژێرخانی ئابووریدا گه‌رچی ئێستا ئێمه‌ له‌ قه‌یرانین به‌ڵام بۆ دوورمه‌ودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که بودجه‌ و‌ مووچه‌مان بڕا و ئه‌و وه‌زعه‌ ئیقتیسادییه‌ که‌ بوومان توانیومان تا ڕاده‌یێک خۆمان ڕابگرین و ئه‌و قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕێنین. ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ به‌و بڕینی بودجه‌ و مووجه‌ له‌لایه‌ن به‌غدا چیمان ده‌کرد. به‌ڵێ ئێمه‌ قیاده‌ی ئه‌و مه‌له‌فه‌شمان کرد و شانازیشی پێوه‌ ده‌که‌ین.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوو له‌ زۆر فه‌کته‌ر و له‌ زۆر بواری وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دان‌کردنه‌وه‌ و ژێرخانی ئابووری و ڕێگاوبان و هه‌موو ئه‌و مه‌له‌فانه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین له‌گه‌ڵ ساڵانی سه‌رده‌می به‌عس یان ساڵانی ڕابردوو ئه‌بێ بڵێین ئێستا وڵاتێکی‌‌تره‌ له‌ ژماره‌ی قوتابخانه‌، نه‌خۆشخانه‌، زانکۆ، کاره‌با و ڕێگاوبان. ئێستاکه‌ دوورترین گوندی هه‌رێمی کوردستان کاره‌بای پێ گه‌یشتوووه‌ که‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستکه‌وتی ئێمه‌یه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌که‌ین. هاوکات گه‌نده‌ڵی، که‌موکوڕی و فیساد و نادادپه‌روه‌ری هه‌یه‌ و ئێمه‌ به‌ قه‌د خۆمان لێی به‌رپرسیارین و به‌شێکی زۆریشمان به‌ر ده‌که‌وێت به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌خلاقمان ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ مه‌سئوولیه‌ت ڕا بکه‌ین و ئێستا ئێمه‌ شان ئه‌ده‌ینه‌ به‌ر و ئومێدیشمان هه‌یه‌ و باوه‌ڕیشمان به‌ خۆمان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م وه‌زعه‌ش تێپه‌ڕ ده‌بێت و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش به‌ ئاسۆیێکی ڕووناکتر ده‌رده‌که‌وین و گه‌شبینین که‌ به‌ خۆڕاگریی خه‌ڵکی کوردستان و به‌ قیاده‌ی حکوومه‌ت و سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کوردستان ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕێنین.

کوردپرێس: پارتی بڕیاری بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردنی له‌ که‌رکووک دا. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ دیکه‌ی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان هه‌رچه‌ند به‌ په‌رته‌وازه‌یییه‌وه‌ به‌شدارییان کردوووه‌، ئایا ئه‌م بڕیاره‌ی پارتی ده‌نگی کورد له‌و پارێزگایه‌ گرینگه‌دا لاواز ناکات؟

فرسه‌ت سۆفی: خۆ پارتی به‌شدار بوایه‌ یان به‌شدار نه‌بوایه‌ ئێمه‌ به‌و وه‌زعه و‌ داگیرکارییه‌ی که‌ له‌ که‌رکووک هه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ڕێکلامی ئێعلانیش بۆ پارتی قه‌ده‌غه‌یه‌ که‌ ئیتر وتمان بۆچی به‌شداریی ئینتیخاباتێک بکه‌ین که‌ ڕێگه‌ت نه‌درێت باره‌گات ببرێته‌ شاره‌که‌ و ڕێگه‌ی نه‌درێت بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بکه‌یت و له‌ پارێزگای دیاله‌ش مه‌منووعه‌ که‌ کاندیداکانی پارتی ڕێکلامی ئێعلانی بکه‌ن و ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ لایه‌نێکی سیاسی که‌ پێوه‌ندی هه‌بوووه‌ له‌و داگیرکارییه‌ ده‌توانێت بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بکات هه‌رچه‌ند که‌ خۆیانیش ده‌ڵێن وه‌زعیان زۆر خراپه‌ و له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ و نفووزی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی عێراقدا ناتوانن جووڵه‌ بکه‌ن به‌ڵام ئێمه‌ چۆن بچینه‌ شارێک که‌ داگیر کرابێت، ئاڵای کوردستانی تێدا قه‌ده‌غه‌ بێت و بڵاو کردنه‌وه‌ی پۆسته‌ر و ڕێکلام بۆ حیزبێکی سیاسی قه‌ده‌غه‌ بێت و باره‌گا کردنه‌وه‌ بۆ حیزبێکی سیاسی تێدا قه‌ده‌غه‌ بێت. چ بچووباین چ نه‌چووباین و ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌زعه‌ داگیرکارییه‌ له‌ که‌رکووک ڕووی دا ته‌ئسیری له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی کورد ده‌بوو. ئێمه‌ نامانه‌وێت شه‌رعییه‌ت بده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی خۆسه‌پێنی ناشه‌رعی و میلیشیایی که‌ ڕۆژانه‌ تاوانی گه‌وره‌ له‌م شاره‌ و دوزخورماتوو و ئه‌و شوێنانه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌وانه‌ کوشتن و بڕین، سووتاندنی ماڵان، ئه‌شکه‌نجه‌دان، قه‌ده‌غه‌ کردنی ئازادییه‌کان بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ بڕیارێکی دروستمان داوه‌ که‌ نه‌چین شه‌رعییه‌ت بده‌ین به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی داگیرکاری خۆسه‌پێن که‌ هاتوووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراق که‌ ده‌بوا ئه‌و ناوچانه‌ به‌ موشته‌رکی به‌ڕێوه‌ ببه‌ین ئێستا به‌ تاکلایه‌نه‌ و به‌ ڕوانگه‌ی به‌عسییه‌کانی جاران ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

کوردپرێس: پارتی پێگه‌یێکی تایبه‌تی له‌ که‌رکووک و ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌. ئێستا ئێوه‌ که‌ بڕیاری بایکۆتتان داوه‌ ده‌نگی ئێوه‌ له‌ که‌رکووک چی لێ دێت؟ ئایا پشتگیری له‌ لایه‌نێکی تایبه‌ت ده‌که‌ن یان ده‌نگده‌رانتان سه‌ربه‌ست ده‌که‌ن که‌ هه‌ر جۆر بڕیار بده‌ن له‌و باره‌وه‌؟

فرسه‌ت سۆفی: ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێکه‌ که‌ من ناتوانم قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م چوونکه‌ پێوه‌ندیی به‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ سه‌ر به‌ مه‌کته‌بی سیاسییه‌ و ئه‌وان له‌ نه‌تیجه‌ی نه‌هایی بڕیار ده‌ده‌ن.

کوردپرێس: هاوپه‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌ پرسیارێکی دیکه‌ دێته‌ ئاراوه. بۆچی له‌ که‌رکووک بایکۆت کرا به‌ڵام له‌ دیکه‌ی ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 به‌شداریتان کرد؟

فرسه‌ت سۆفی: پارێزگای مووسڵ و نه‌ینه‌وا زۆر ناوچه‌ له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ به‌شێکیان هه‌ر ئێستا تا ڕاده‌یێک دۆخه‌که‌یان جیاوازه‌ له‌ که‌رکووک و ئه‌م شوێنانه‌ و هێشتا به‌شێکیان له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌ ماونه‌ته‌وه‌. جیاوازییێکی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان ناوچه‌کانی دیکه‌ و که‌رکووک که‌ وه‌کوو پارێزگایێکی گرینگ و چاره‌نووسساز دێته‌ ئه‌ژمار. ئه‌گه‌ر ئێستا به‌و ئه‌نجامه‌ بگه‌یێن که‌ ناتوانین له‌و ناوچانه‌ جموجوڵی ئینتیخابی ئه‌نجام بده‌ین بێگومان بڕیارێکی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر به‌ڵام به‌ ته‌ئکید دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ له‌گه‌ڵ که‌رکووک زۆر جیاوازه‌.

کوردپرێس: له‌ خولی سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌و ناوچانه‌دا لایه‌نی کوردی نزیکه‌ی 20 کورسی هه‌بوو و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که‌ جه‌نابیشتان ئاماژه‌تان پێدا پێتان وایه‌ که‌ که‌م ببێته‌وه‌ یان له‌و ئاسته‌دا بمێنێته‌وه‌، پێشبینتان چییه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌؟

فرسه‌ت سۆفی: به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ده‌نگ و ژماره‌ی کورسیی کورده‌کان له‌و ناوچانه‌ له‌ چاو خوله‌کانی پێشوو که‌م ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ک خه‌ڵک ئازادن ده‌نگ بده‌ن و نه‌ک حیزبه‌ سیاسییه‌کانیش ده‌توانن ڕێکلامی ئینتیخابی بکه‌ن. له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ستی کراوه‌ی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ که‌یفی خۆیان ته‌زویر له‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ بکه‌ن بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر گه‌شبین نین به‌ به‌شداری و به‌شداری نه‌کردنمان شتێکی ئه‌وتۆ بگۆڕێت و له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ته‌ئسیر له‌ ڕێژه‌ی ئینتیخابی بکه‌ن و ئێمه‌ش هه‌ر ئێستا ڕای‌ده‌گه‌یێنین که‌ نه‌تایجی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌م ناوچانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک ناتوانرێت بۆ هیچ شتێک پشتی پێوه‌ ببه‌ستێت و ئه‌مه‌ دۆخێکی داسه‌پاو، نائاسایی و نایاسایییه‌ له‌و ناوچانه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ ناکرێت وه‌کوو نه‌تیجه‌یێک بۆ ڕێژه‌ی حه‌قیقی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌ هه‌ژمار بکرێت و له‌به‌رچاو بگیردرێت.

کوردپرێس: ئاسۆی پێوه‌ندیی هه‌ولێر- به‌غدا له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆن ده‌بینن؟ پێشبینیتان چییه‌؟

فرسه‌ت سۆفی: به‌ به‌راوردی ئێستا له‌گه‌ڵ دوای 25ی سێپتێمبێری 2017 گۆڕانکارییێکی ئیجابی له‌ پێوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا ڕوویان دا‌. ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور ئه‌م کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن به‌ڵام له‌ ده‌رئه‌نجامدا ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیردرێت که‌ عێراق دۆخێکی ناموسته‌قه‌ری هه‌یه‌ و عێراق هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڵکشان و داکشانی سیاسی و ناسه‌قامگیردایه‌ و تۆ ناتوانیت پێشبینی شتێکی موعه‌یه‌ن بکه‌یت له‌گه‌ڵ عێراق بۆیه‌ خۆمان هیوادارین که‌ بتوانین به‌ ئاشتییانه‌ کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و دۆخه‌که‌ موسته‌قه‌ر ببێت به‌ڵام دۆخی عێراق ئه‌و دۆخه‌ نییه‌ تۆ بتوانیت ئاینده‌ی داهاتوو یان خوێندنه‌وه‌یێکی دروست بۆ داهاتوو بکه‌یت.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ ده‌ستکه‌وته به‌ تایبه‌ت‌ ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ دا. له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ تایبه‌ت له‌م حکوومه‌ته‌ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی ئابووری په‌یڕه‌و کرا. به‌ سه‌ره‌نجدان به‌و دۆخه‌ی که‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که‌ دوای ڕیفراندۆم بینیمان ئایا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی یان پێداچوونه‌وه‌ی پێ ده‌کات یان ڕێگه‌یێکی دیکه‌ ده‌گرێته‌به‌ر؟

فرسه‌ت سۆفی: ئه‌م بابه‌ته‌ دوو به‌شه‌، به‌شێکی تاکتیکه‌ یانێ ئێمه‌ له‌م مه‌رحه‌له‌یه پێویسته‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ته‌عامولێکی جیاوازمان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیتیحادی بێت به‌ڵام به‌شێکی‌تری ستراتێژیکه‌ یانێ ئێمه‌ به‌ لامانه‌وه‌ زۆر گرینگه‌ ساڵێکی‌تر یان 10 ساڵی دیکه‌ هه‌رێمی کوردستان پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت له‌ ڕووی ئابوور و سه‌ربه‌خۆیییه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی تاکتیکه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری بین به‌ هیچ شێوه‌یێک له‌ ڕووی ستراتژیکه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی ژێرخانی ئابووری نابین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13517

Your Comment

You are replying to: .
captcha