به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 2018.04.22 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له د. گێرد موله‌ر وه‌زیری هاوكاریی ئابووری و بووژانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له ژماره‌یێک په‌رله‌مانتاری ئه‌ڵمانیا پێكهاتبوو.
وه‌زیری هاوكاریی ئابووری و بووژانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستانی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پاراستنی ته‌واوی پێكهاته‌كان له تیرۆر و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی جیهان و ده‌وروبه‌ر به‌رز نرخاند.
د. گێرد موله‌ر هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه ئه‌ڵمانیا بایه‌خی زۆر به په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و خوازیاره په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو ئاسته‌كان زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه ببات به تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووری و بازرگانیدا.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆیییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی كرده‌وه كه په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له كاره له‌پێشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه و دواتر پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی دیالۆگی هه‌ولێر- به‌غدا و چاره كردنی به‌شێک له‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌ر دوو لادا هه‌یه و بارودۆخی ناوچه‌كه به گشتی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له عێراق خسته ڕوو.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ی دا كه له هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌رفه‌تی باش بۆ سه‌رمایه‌گوزاری هه‌یه و له‌مباره‌یه‌وه هه‌موو ئاسانكاری و هاوكارییێكی بۆ هاتنی كۆمپانیا بیانییه‌كان نیشان دا به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپا به تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا هاوكار بن بۆ چاره كردنی به‌شێک له‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه به تایبه‌تی له بواره‌كانی ئیداری و پێشكه‌ش كردنی هاوكاریی ته‌كنیكی.
باس كردنی ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان به گشتی و به تایبه‌تی ئاواره ئێزدی و كرستیانه‌كان كه ڕووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی زۆر بوونه‌ته‌وه لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو و له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد كه بایه‌خی به به‌شێک له كه‌یسی ئه‌و ئاوارانه داوه و چاره‌ی كردوون.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment