لە ئەڵمانیا پێشانگەیێک لەبارەی ڕفاندنی کوردانی ئێزدی کرایەوە

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- لە ساڵیادی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی لە شاری بێلیفێڵد لە وڵاتی ئەڵمانیا، پێشانگەیێکی شێوەکاری لە بارەی ڕفاندنی کوردانی ئێزدی کرایەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حەمە هاشم هونەرمەند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم پێشانگایە بە سپۆنسەری گرووپی ھونەری و کولتووری بووژان ئەنجام دراوە و 30 تابلۆی قەبارە ھاوشێوەی 70 بە 33 سانتیمەتر نمایش کراون و سەرجەم کارەکانیش لەسەر شێوازی ئەبستراکتی دەربڕینخوازی ئەنجام داوە".

بەگوتەی حەمە هاشم، ئەم پێشانگایە بە ھاوکاری (سەنتەری لالش) لە ھۆڵی (لالش زێنتروم) نمایش کراوە، لە رۆژی 18-4-2018 کراوەتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.

کارەکانی (حەمە ھاشم) دەربڕی کێشە قووڵەکانی مرۆڤە، بەتایبەت کەسێتی تاکی کورد کە بەھۆی شەڕ و ئاشووبی زۆرەوە دووچاری شپرزەیی دەروونی و لە دەست دانی ھیوایەکانێتی بۆ ژیان.

ھەروەھا ئاڵۆزبوونی بیر و بۆچوونەکانی لە سەر مرۆڤ بوونی خۆی، ئەمەش ئاکامی ھەست کردنێکی پەنھان بە تەنھایی و بێکەسی، بە تایبەت لە پرسە گرنگەکانی وەک ھێرش و تۆقاندن و ڕفاندنی کوردانی ئێزدی و لە دەستدانی سنوور و ڕاوەدونان و نەھامەتییە یەک لەدوایی یەکەکانی ئەم مرۆڤە، کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر جەستەی ھەڵکۆڵراوە.

ھونەرمەند ھەوڵی داوە لە رێگای فیگەرە تەنھاکانییەوە ئەوەمان بۆ دووبارە پێشان بداتەوە و پەیامێکیش بدات بە دونیا، جگە لەمەش لە تابلۆکانیدا خواستی نمایشی جوانبەخشی و ئیستاتیکی فەرامۆش نەکردوووە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 13421

Your Comment

You are replying to: .
captcha