بەپێی هەواڵی کوردپرێس خەڵکی کاسبکاری مەریوان ئەمڕۆکە سێشەمە 28ی خاکەلێوە دووکانەکانیان داخست و وەکوو ڕەمزی ناڕەزایی و بێداهاتی سفرەیێکی بەتاڵیان لە سەر شەقام بڵاو کردەوە ئەوەش پاش ئەوە دێت کە ڕۆژانی پێشووتر لە بانە و جوانڕۆ هەمان ناڕەزایی دەربڕ کرابوو.
ئەو ناڕەزایی دەربڕینەی خەڵکی مەریوان مۆڵەتی یاساییی نەبووە و تا ئێستاش ئیدارەی قایمقامێتیی مەریوان لەو بارەیەوە هیچی دەرنەبڕیوە بەڵام ناڕەزاییەکە مەدەنییانە و ئارام بووە.
هەواڵنێری کوردپرێس چۆتە نێو خەڵکی ناڕازی و لە بارەی هۆی ناڕەزایەتییەکان پرسیاری لە خەڵکەکە کردووە.
هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی کاسبکارانی مەریوانی داخرانی مەرزە لاوەکییەکانی ئەو شارە و زیاد کردنی ڕسووماتی هاوردە کردنە لە لایەن گومروکاتەوە.
شیاوی ئاماژەیە بژێوی ژیانی زۆرینەی خەڵکی دانیشتووی خاڵە سنوورییەکان بەستراوە بە مەرزەکانی وڵاتەوە و داخرانی دەروازە سنوورییەکان بێگومان کارتێکەریی خراپی دەبێت لە سەر ژیانی ئاساییی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی و قووڵ بوونەوەی زیاتر هەیە.
Your Comment