هەرێمی کوردستان بەپێی بنەماکانی شراکەت لە عێراق دەمێنێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكاتەوە و جێگری سەرۆكی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنێت: لە عێراق دەمێنینەوە و داواش لە هاوڵاتیان دەكات، دەنگیان پێبدەن بۆ ئەوەی بەقورساییێكی زیاترەوە بچنەوە بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمیانەی دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر و لە وتارێكدا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی دەنگدان هەموومان پێكەوە دەچینە سەر سندووقەكانی دەنگدان، نابێت بەهیچ جۆرێک دەنگێكیش پەراوێز بخەین چوونكە یەكدەنگیش بۆ ئێمە گرنگە و دەشبێت ئەو مەسەلەیە بەجدی وەر بگیرێت.

ناوبراو وتیشی: "دەزانین گلەیی هەیە، بەڵام ڕۆژی گلەیی نییە و نابێت باسی ئەو شتانە بكەین".

لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەشی، نێچیرڤان بارزانی وتی: "ناحەزان و ڕكابەرانمان پروپاگەندە بڵاو دەكەنەوە و باس لە بوونی باڵباڵێن لە ناوپارتی دەكەن دڵنیاتان دەكەینەوە كە پارتی حزبێكی یەكگرتووە، هەموومان خەبات دەكەین پێكەوە لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان".

وتیشی: دڵنیابن پارتی یەكگرتووە، لە ئایندەشدا بە یەكگرتووی دەمێنێتەوە.

جێگری سەرۆكی پارتی جەختیشی لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق كردەوە و ڕایگەیاند: دەمانەوێت دۆخی سەرجەم ناوچەكان ئاسایی بكرێتەوە و دەبێت پارتی وەك ژمارەیێكی قورس لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان یەكدەست و یەكدەنگ بن، دەشمانەوێت بەشداربین لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە لە عێراق.

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 13313

Your Comment

You are replying to: .
captcha