به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا وه‌فدی میوان دڵخۆشی خۆیان به جێگیری ته‌ندروستی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی ده‌ربڕی و ڕایانگه‌یاند كه كه‌سایه‌تیی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی و خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری به‌ڕێزیان گرنگن بۆ پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان و ڕاگرتنی باڵانس له نێوان وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا.
لای خۆیه‌وه كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوانی كرد و سوپاسی پهرۆشیانی كرد بۆ دۆخی كوردستان و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه پێویسته سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان به ڕێگای ئاشتی و دیموكراسی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد بده‌ن و دووپاتیشی كرده‌وه كه كورد گه‌لێكی ئاشتیخوازه.
تهوهرێكیتری دیداره‌كه گفتوگۆ كردن بوو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی گه‌لان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ر دوو لا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان به گرنگ زانی و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ش كۆده‌نگی و یه‌كده‌نگیی لایه‌نه كوردستانییه‌كانیان له بابه‌ت و پرسه نیشتمانی و نهتهوهیییهكان به ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌مووان زانی.
كۆتا ته‌وه‌ری نێوان وه‌فدی باڵای هه‌ده‌په و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌فدی میوان بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانیان به گرنگ زانی و پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌رێمیان وه‌ک بنه‌مایێكی گونجاو بۆ نیشاندانی نموونه‌ی جوانی حوكمڕانی كورد له ناوچه‌كه خسته‌ڕوو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment