بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەستا ڕەسووڵ ڕایگەیاند: "ئێستا لە دەوروبەری كەركووک و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە چەكدارانی داعش بڵاو بوونەتەوە و هێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی كەركووكیان نییە.
وەستا ڕەسووڵ ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت: كاتێک هێزە عێراقییەکان گەیشتنە ناوچەكە، كاریان بۆ پاراستنی ناوچەكە و پاك كردنەوەی لە چەكدارانی داعش نەكرد و نەیانتوانی تەواوی دەوروبەری كەركووک لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە، بۆیە تا ئێستاش مەترسییەكان لەسەر ناوچەكە بوونی هەیە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ شارەكە كە بڕیارە لە ئایندەیێكی نزیكدا بگەرێنەوە بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕێندراوەكان سەركردایەتییەكەی یەكێتیی وتی: لە ئێستادا قسە لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە ناكەم، وەزارەتی پێشمەرگە ئەو بابەتە یەكلا دەكاتەوە".
لە لایێكی دیكەشەوە محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەكێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: "داعش لە سنوری پارێزگاكانی دیالە، تكریت و كەركووک دەستی بە چالاكی كردۆتەوە و خۆیان كۆ دەكەنەوە، بۆیە ئێستا فشار لە سەر هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەیە و ئەگەر ئاگادارنەبن، ئەوە جارێكی دیكە هەندێک شار و شارۆچكە لە دەست دەدەن".
محەمەد عوسمان وتیشی:"پێدەچێت حكوومەتی عێراق نەتوانێت كۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بكات و پێویستی بە هێزێک بێت كە شارەزای ناوچەكە بێت، كە ئەویش هێزی پێشمەرگەیە".
پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی ڕاشیگەیاند هەرچەندە تا ئێستا حكوومەتی عێراق لە گۆشەنیگای هێزەوە دەڕوانێتە پرسەكە، پێموایە لە داهاتوویێكی نزیكدا هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و بەتایبەت كەركووک".
بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت دۆسێی ئەمنی ناوچە دابڕێنراوەكان بە هاوبەشی لەلایەن سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵام وەكوو پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی وتی: "تا ئێستا بەغدا نەهاتۆتە ژێر باری ئەو بڕگە دەستوورییەوە".
هەفتەی ڕابردووش، وەفدێكی باڵای سوپای ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەیان ئەنجام دا بە مەبەستی تاووتوێ كردنی پرسی پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێنراوەكان.
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment