بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیات کە لە لەندەن دەردەچێت، فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند: "دوای دەرچوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نابێ هیچ هێزێکی بیانی بەهەر بیانویێکی دیکە پێبخاتە نێو خاکی عێراق و بەشێک لە خاکەکەی داگیر بکات".
سەرۆک کۆماری عێراق نیگەرانیی خۆی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە نێو خاکی عێراق دووپات کردەوە و هیواش دەخوازێت تورکیا هەنگاوی لەو شێوەی نەنێت.
لێدوانەکەی فوئاد مەعسووم لە کاتێکدایە، هەر ئەم هەفتەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی بوونی پەکەکە لە شنگال هۆشداری دایە بەغدا و رایگەیاند: ئەگەر چارەسەری ئەو پرسە نەکەن تورکیا "بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە هیچ کەسێک" دەچێتە شنگال.
دوای ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین لە کوردستانی سووریا، تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر پەکەکە لە شنگال دەکات، حکوومەتی عێراقیش ئیدانەی بۆردوومانەکانی تورکیای کردووە و بە بەزاندنی سەروەری وڵاتەکەی ناوی دەبات.
ئەردۆغان چەندین جار هۆشداری داوە لەوەی "شەوێک لەناکاو" هێزەکانی وڵاتەکەی هێرش بۆ سەر شنگال دەست پێدەکەن و دەڵێت ناهێڵن ئەو شارە ببێتە "قەندیلی دووەم".
مانگی رابردوو کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکەی لە شنگال راگەیاند، بەڵام تورکیا سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر ئەو شارە و دەڵێت پەکەکە نەکشاوەتەوە.
فواد مەعسووم پێشوازی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد و زیادی کرد نە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەبێ حکوومەتی ناوەندی کارەکانی بباتە پێشەوە نە حکوومەتی ناوەندی لە هەرێم بێ نیازە.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment