لە ماوەیێکی نزیکدا کۆتایی بە پاشەکەوتی مووچە دەهێنین/ بە هیچ شێوەیێک نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دروست کردنی ئاژاوە لەگەڵ دراوسێکانمان بەکار بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کە لە ماوەیێکی نزیکدا، حکوومەت کۆتایی بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی چوارشەممە 28/3/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، تێگەیشتنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ باری دارایی کوردستان، جێگەی رێزە.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە دوای سێ ساڵ لە پاشەکەوت کردنی بەشێک لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی باشمان بۆ کەم کردنەوەی رێژەی پاشەکەوتی مووچە بڕیوە.

دەقی لێدوانی نێچیرڤان بارزانی:

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەبوو و تێیدا بابەتی دەستکاریی پاشەکەوتی مووچەمان باس کرد.

پێشتر کۆبوونەوەمان لەسەر باری دارایی دەکرد و هەمیشە مووچەکانمان کەم دەکردەوە. ئەمڕۆ خۆشحاڵم ڕای بگەیەنم کە دوای سێ ساڵ سەختیی ژیانی مووچەخۆران کە بە ڕاستی تەحەمولی زۆریان کرد و جێگەی ڕێز و تەقدیرن، تێگەیشتنیان بۆ باری دارایی هەرێمی کوردستان و ئەو دۆخە ناخۆشەی کە بۆ بڕینی بودجەی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش دەگەڕێتەوە، نەمان توانی وەک پێویست لەم چەند ساڵەدا مووچەی تەواو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین. خۆشحاڵم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زۆر باشمان بەرەو کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی مووچە بڕیوە. ئەمە هەمووی نییە، بەڵام دوای ئەو چاکسازییانەی کە ئێستا پڕۆژەکەی لە پەرلەمان هەیە، دەگەینە ئەو ئاستەی بە تەواوی بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا نەهێڵین. لەگەڵ من وەزیری دارایی و دکتۆر ئامانج لێرەیە کە وردەکاریی بڕیارەکەی ئەمڕۆتان بۆ باس دەکەین. زۆر نزیکبووینەتەوە لەوەی کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەو چاکسازییانەی دەیکەین بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا نامێنێت.

بابەتی داواکاریی ئەوانەی دێنە سەر شەقام، ڕەوایە و هەقی خۆیانە. ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوو بینیمان، داواکاریی شەقام یان مامۆستا و کارمەندانی تەندرووستی نەبوو، بەقەد ئەوەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەیانویست بە مەرامی سیاسی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ خۆیان بقۆزنەوە، وەک حکوومەت لە دژی ئەوەین و قەبوڵی ناکەین. ئەوەی دیکە خەڵکی مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەو ئاستەی نەبێتە هۆی تێکدان و دروستکردنی ئاژاوە لە کوردستان، هیچ ئیشمان نییە، ئەگەر هەندێک حزب بیانەوێ دۆخەکە بقۆزنەوە، ئەوا قەبوڵ ناکەین و بە توندی وەڵامی ئەو لایەنانە دەدەینەوە.

پرسیاری رۆژنامەنووسان و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی:

- بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان چیتان کردووە؟

بۆ کۆتاییهێنان بە ئاژاوە دروست کردن لە هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگەیێک دەگرینە بەر، بەڵام نایەڵین کێشە لەناو شارەکان دروست ببێت.

- دوو چینی زۆر گرنگ بایکۆتیان کردووە کە مامۆستا و کارمەندانی تەندرووستین، هەروەها خۆپیشاندەران هەندێکیان داوای ڕۆشتنی حکوومەت دەکەن، وەڵامتان چییە؟

خۆپیشاندانەکان ئیستغلال کراون، داواکاریی خەڵک زۆر ڕەوایە، بەڵام هەندێک هێزی سیاسی خەریکی ئیستغلال کردنی داواکاریی خەڵکن، ئەم دەسەڵاتە بە سندووقی دەنگدان هاتووە و بە سندووقی دەنگدان دەڕوات، کەس ناتوانێت جگە لە سندووقی دەنگدان، دەسەڵات لا بدات. میللەت هەر لایەنێک لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەڵبژێرێت، مافی خۆیەتی.

لەبارەی مامۆستا و کەرتی تەندرووستی، دەبێ خەڵکی کوردستان لەوە تێبگەن کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی لەبەر دەست بێت، نایداتە خەڵک، ئەوە ڕاست نییە، ئێمە پارەمان هەبێت، بە خەڵکی دەدەین، بەڵام ئەوەندە سەریان لە خەڵکی تێکداوە، کەس نازانێت کامەی ڕاستە و کامەی ڕاست نییە. هیچ حکوومەتێک حەز ناکات مووچەی مووچەخۆران ببڕێت، لە هیچ کوێی دونیا نییە، ئێمە پێش ئێستا نەماندەتوانی، ئێستا گۆڕانکارییەکی زۆر باش لەو وڵاتە کراوە کە لە قازانجی مووچەخۆرانە، بەو هیوایە کار دەکەین کە لە ئایندەدا پاشەکەوت نەهێڵین.

- ئێستا گۆڕان و ڕێکخەرەکەیان و کۆمەڵی ئیسلامی باسی ڕێککەوتنی ژێر بەژێری ئێوە و بەغدا دەکەن، ئایا ڕێککەوتنێکی ئاوا هەیە؟ هەوڵەکانتان بۆ کردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا بەکوێ گەیشت؟

ئێمە هیچ ڕێککەوتنی ژێربەژێرمان لەگەڵ بەغدا نییە، هەمووی مەعلوومە، لە چوارچێوەی دەستووردا دانووستانمان لەگەڵ بەغدا کردووە و شەفافانە کردوومانە، ڕێککەوتنی ژێربەژێرمان لەگەڵ بەغدا کردبێت، نەمان کردووە. من وەک شەخس لەگەڵ ئەنقەرە بەردەوامم تا چارەسەرێک بدۆزمەوە تاوەکوو گەشتەکان بەرەو سلێمانیش بکرێتەوە، ڕەنگە کەمێک کاتی بوێت.

- پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە، چۆن ئەمە چارەسەر کراوە؟ تورکیا سنووری بەزاندووە؟

بۆ تورکیا سنووری بەزاندووە؟ بە هۆکارێک کردوویەتی، پرەنسیپی ئێمە ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیێک نابێت خاکی کوردستان بۆ دروست کردنی ئاژاوە لەگەڵ دراوسێکانمان بەکار بێت، بۆ تورکیا و سوریا و ئێران و هەموو وڵاتێک هەیە، ڕازی نابین و قبووڵ ناکەین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ دروست کردنی ئاژاوە بۆ ئەو وڵاتانە. بەداخەوە زۆرجار لەگەڵ پەکەکە هەوڵمان داوە، ناکرێ و ماقووڵ نییە لە خاکی کوردستانەوە بچینە تورکیا و کردەی سەربازی دژی تورکیا بکەن و بگەڕێنەوە کوردستان. سەبەبێک هەیە کە ئەم ئیشە دەکرێ، ئەم سەبەبە دەبێت چارەسەر بکرێت.

لە بارەی ڕۆژنامەنووسان کە گیراون، ئێمە دژی ئەزیەتدانی خەڵک و گیرانین، بەڵام بەهیچ شێوەیێک دروست کردنی ئاژاوە قبووڵ ناکەین و مومکین نییە قبووڵی بکەین، حزبی سیاسی لە کوردستان هەوڵی ئیستغلال کردنی داواکاریی مامۆستایان و کەرتی تەندرووستی بکەن. ئەگەر وەکوو حزب داوای خۆپیشاندان دەکەن، با بچن مۆڵەت وەربگرن.

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12897

Your Comment

You are replying to: .
captcha