بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه 27-3-2018 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له لێفتنانت جه‌نه‌ڕال سیر جۆنز لۆریمه‌ر، گه‌وره راوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و نوێنه‌ری تێریزا مه‌ی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکوومەت "شاندی میوان سه‌ركه‌وتن و قوربانییه‌كانی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی له شه‌ڕی دژی تیرۆر و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه و راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیاى له شه‌ڕی دژی تیرۆردا به‌رزنرخاند".
شاندەکەی بەریتانیا پشتگیریی وڵاته‌كه‌یان له هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه، مۆدێرنكردنی ئەو وه‌زاره‌تە و بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا دووپاتكردووتەوه.
لای خۆیەوە سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا كردووە، هیوای به‌رده‌وامیی هاوكاری و ههماههنگییهكانیشی خواستووە، له‌و باره‌یه‌وه ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك نیشانداوە.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی كراوە. له‌وباره‌یه‌وه "پهرهسەندنه ئه‌رێنییه‌كان" له په‌یوه‌ندییه‌كاندا به‌تایبه‌تی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی به‌شێك له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به "هه‌نگاوی باش" نرخێنران و به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان، جه‌ختی لەسەر كرایه‌وه.
تاوتوێ كردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا جۆن وێلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و جۆن شارپ، كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا به وه‌كاله‌ت له هه‌رێمی كوردستان و ژمارەیێک دیپلۆماتکاری سیاسی و سه‌ربازی یاوه‌ری شاندەکەی بەریتانیا بوون.
لە شاندی کوردستانیش قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یێك له وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئامادە بوون.
سەرچاوە: ڕووداو
Your Comment