بهپێی ههواڵی کوردپرێس، بەرپرسی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای دهۆک دەڵێت: ئەو ناوچانەی سوپای توركیایان تێدایە، پێشتر بەدەست پەكەكەوە بوون.
پارتی كرێكارانی كوردستان كە ساڵی 1978 دامەزراوە و ساڵی 1984 دەستی بە خەباتی چەكداری كردوووە، لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی ههرێمی کوردستانهوه لە چەند ناوچەیێک جێگیر بوون، لەوانەش ناوچەی نێروە و رێكان و هەروەها بناری قەندیل. بەپێی بەدواداچوونێكی پێشتری (رووداو) نزیكەی 34%ی خاكی سنووری پارێزگای دهۆک لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە توركیا لەنێو خاكی ههرێمی كوردستان دەستی بە جموجۆڵ كردقووە و چەند ناوچەیێک كە پێشتر لە ژێر كۆنترۆڵی پەكەكە بوون، ئێستا سوپای توركیایان تێدایە.
لەدوای پەلاماردانی عەفرین، توركیا كەوتۆتە هەڕەشە كردن لە پەكەكە لە ناوچەكانی شهنگال و قەندیل. لە رێوڕەسمێكی تایبەت بە دادوەر و داواكارانی گشتی لە ئەنقەرە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: "بە عەفرینەوە ناوەستین و بەرەو مهنبج، كۆبانێ و قامشلۆ دەچین. ئەگەر پێویست بكات دەچینە باكووری عێراقیش، شەوێک لەناكاو دەچینە شهنگال و پەكەكە لەوێ دەردەكەین."
پەكەكە دوای ئەو هەڕەشانەی توركیا، رایگەیاند كە لە شهنگال دەكشێنەوە، بەڵام ماوەیێكە هێزی پیادەی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی لەنێو خاكی ههرێمی كوردستان لە دژی پەكەكە دەستپێكردوووە، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک.
موحسین زێری، موختاری گوندی زێری سەر بە ناوچەی نێروە و رێكان لە قەزای ئامێدی باسی پێشڕەویی توركیا لە سنوورەكەیان دەكات و دەڵێت: "لە سەرەتای نەوەتەكانەوە گوندەكانی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان، پێشتر بۆ كۆ كردنەوەی بەری دارەكانمان دەچووینەوە گوندەكان، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر كاتێک ویستمان بچینە گوندەكەمان بینیمان سوپای توركیا لە نێو گوندەكەن".
موحسین كە شارەزای جوگرافیای ناوچەكەیە، ئاماژەی بەو شوێنانە دا كە كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا و گوتی: "ئێستا سوپای توركیا قەرەقوولێكی گەورەی لەسەر چیای كۆكە دروست كردوووە كە نزیكە لە گوندی ئێمە. تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا نزیكەی 20 گوندی سنووری ناوچەی نێروە و رێكان كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای توركیا، لەوانەش گوندی زێر، زێوەسەر، ساریكا، سەرنی، سپێر، بێدفە، بێبو، رێشمە، هوس، ئەرتش، بانسرا و هێر و چەند گوندێكی دیكە".
بە گوتەی موختاری گوندی زێر، سوپای توركیا لە سنووری قەزای ئامێدی بە قووڵاییی 10 كیلۆمەتر هاتۆتە نێو خاكی ههرێمی كوردستان. هەروەها گوتی: "ئێستا رووبەری 30 كیلۆمەتر لە ناوچەی ئامێدی لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپای توركیادایە و كەس ناوێرێ بچێتە ئەو شوێنانە".
هەرچەندە ئەو گوندانەی ئێستا سوپای توركیای تێدایە، ساڵانێكە بەهۆی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیاوە چۆڵ كراون، بەڵام خەڵكەكەی لەكاتی پێگەیشتی بەروبوومی رەز و باخەكانیان دەچوونەوە و بەروبوومەكەیان دەڕنی. موحسین گوتی "ئەمساڵ بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە زەحمەتە بتوانین بچین بەرهەمی كێڵگەكانمان هەڵ بگرینەوە، ئەمەش باری داراییی ئێمە گران دەكات".
ساڵانێكی زۆرە سنوورەكانی تورکیا و ههرێمی كوردستان بەدەست پەكەكە و سوپای توركیاوەن، هێزە سنوورپارێزەكانی عێراق هیچ رۆڵێكیان لە پاراستنی سنوورەكاندا نەبوووە.
عەقید دلێر زێباری، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای دهۆک بە (رووداو)ی گوت: "لەبەر هێزەكانی پەكەكە و نائارامیی ئەو ناوچانە، هێزەكانی ئێمە نەیانتوانی بچنە سنوور، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێریی ناوچە سنوورییەكان دەكەین".
عەقید دلێر زێباری سەبارەت بە جموجۆڵیی سوپای توركیا لە ناوچەكەدا گوتی: "راستییەكەی سوپای توركیا لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو، هاتۆتە پێش و چەند بارەگایێكی لە ناوچە سنوورییەكانی قەزای ئامێدی داناوە".
عەقید دلێر دەربارەی ئۆپەراسیۆنی چەند رۆژی رابردووی سوپای توركیا گوتی: "هەتا ئێستا نەمانزانیوە لەو چەند رۆژەدا پێشڕەوییان كردبێ، بەڵام بۆردومان و تۆپبارانیان بەردەوامە. ئەوان بە قووڵاییی 10 كیلۆمەتر لە سنووری قەزای ئامێدی هاتوونەتە نێو خاكی هەرێمی كوردستان".
جگە لە ناوچەكانی سنووری قەزای ئامێدی، لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای تركیا لە ناوچەكانی سنووری قەزای سۆرانیش سنووریان بەزاندوووە و لە چەند شوێنێكی سەر بە ناحیەی سیدەكان جێگیر بوون.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا بە شێوەیێكی بەرچاو لە سنوورەكانی دەشتی بەرازگر و بەرمیزە هاتوونەتە پێش، بەو هۆیەوە خەڵكی ناوچەكەیان تووشی دڵەڕاوكێ كردوووە".
ئیحسان چەلەبی باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای توركیا كرد لە سنووری ئەوان و گوتی: "لە 11ی ئەم مانگە سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن لە رێگەی زەمینەوە كردوووە، هەتا ئێستا نزیكەی هەشت گوندی ناحیەكەمان كەوتوونەتە دەستی سوپای تركیا، لەوانەش گوندی كانیە رەش، دەریا سۆر، نیەوانوک، هسمێ، كەلی رەش، دولی شێخ و چەند ناوچەیێكی دیكە".
ئیحسان چەلەبی دەڵێت بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، ئەو گوندانە پێشتر چۆڵ بوون و زیادی کرد: "راستە ئەو گوندانەی كەوتوونە ژێر دەستی سوپای توركیا پێشتر چۆڵ بوون، بەڵام خەڵک بەردەوام هاتوچۆی ئەو گوندانەی دەكرد، ئێستا سوپای توركیا زۆر نزیك بۆتەوە لەو گوندانەی ئاوەدانن، ئەمەش دڵەڕاوكێی لە نێو ئەو گوندنشینانە دروست كردوووە".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment