حکوومەت دەستکاریی پاشەکەوتی مووچە دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومەتی هەرێم بڕیاری دەستكاری كردنی پاشەكەوتی مووچەی دەدات و وەزارەتی داراییش رادەسپێرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی داهات، خشتەی نوێی مووچە ئامادە بكات بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت.

کوردپرێس- سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ 25ی 3ی 2018 بڵاویكردۆتەوە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و وەزیرە پەیوەندارەكانی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: حكومەتی هەرێم لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی داهاتەكانی ناوخۆ و نەوت و بڕە پارەی هاتووی بەغدا، لەگەڵ هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە و چۆنیەتیی خەرجكردنی دەخاتەڕوو.

دەقی راگەیاندراوەكە:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەختیی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێدەگات و سوپاسی خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنیان دەكات. وێڕای سەختیی دۆخەكە، لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵیشدا ستەم لە هەرێمی كوردستان كرا‌، بەشە بودجە و ماف و شایستە داراییەكانی كەم كرانەوە‌، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا، لەسەر بڕیاری بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال، بڕە پارەیەك ـ هەر چەندە كەم بوو ـ گەیشتە هەرێمی كوردستان.

وەك ‌بەرلە جەژنی نەورۆز بڕیارمان دابوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر پاشەكەوتی مووچە ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ 25/3/2018 بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و وەزیرە پەیوەندارەكان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند كران:

1- ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە كە 317 ملیار و 540 ملیۆن و 465 هەزار دیناره و بڕە پارەیەكی كەمە‌، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دەستكاری پاشەكەوتی مووچە دەكات بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

2- وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی داهات خشتەی نوێی مووچه ئامادە بكات بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت تاكو مووچەی داهاتوو بەو خشتە نوێیە دابەش بكرێت.

3- حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی داهاتەكانی ناوخۆ و نەوت و بڕە پارەی هاتووی بەغدا لەگەڵ هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە و چۆنیەتیی خەرجكردنی دەخاتە ڕوو.

News Code 12851

Your Comment

You are replying to: .
captcha