عومه‌ری سه‌ید عه‌لی: داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین بەردەوام بن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، داوای له‌ سەرجەم هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان كرد بەردەوامی بدەن بە خۆپیشاندانەکان لە پێناو بەدەست هێنانی مافه‌كانیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس عومەر سەید عەلی ئەم شەو لە میانەی سەردانی کردنی بۆ شوێنی خۆپیشاندەران لە بەردەم دادگای سلێمانی ڕایگەیاند" داواکارین خۆپیشاندانەکان بە شێوەیێکی هێمنانە لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەتا فشار بخرێتە سەر حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی داخوازیی مووچە خۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی".

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە " حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە چارەکە مووچە دەدات بە مووچەخۆرانی هەرێم و نەوتیش دەفرۆشێت دەشڵێت مووچە نیە ، دەبێت واز لەم شانۆیە بهێنێت ، بەم جۆرە دەسەڵاتداری ناکرێت".

ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەرچی رێکەوتن هەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لەسەر بودجە و مووچە و رێکەوتنە سیاسییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.

عومەری سەید عەلی وتیشی، حکوومەتی هەرێم تووشی شکست هاتووە ، دەبێت دان بە شکستی خۆیدا بنێت ئەمەش لە دوای ئەنجام دانی ڕیفراندۆم کە بە زۆر بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندیان و بوویە هۆی ڕوودانی ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر.

News Code 12840

Your Comment

You are replying to: .
captcha