بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، چەند پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیەتیەكە كە غالب محەمەدیشیان لەنێواندا بووە لەگەڵ فائق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆ بوونەتەوە.
پەرلەمانتارەکان لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوێكی فەرمی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان ڕادەست كردووە، كە تایبەتە بە گواستنەوەی كەیسی هێرش کردنە سەر غالب محەمەد و ئەویش بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕی كە رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر.
سەركەوت شەمسەدین ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستانی كە ئامادەی دانیشنەكە بووە رایگەیاندووە: لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسمان لە دۆخی خراپی دادی هەرێمی كوردستان كردووە و وتوومانە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم دادگاكان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی حزبی بەكاردەهێنن و رێگە نادەن رۆڵی پیشەییانەی خۆیان بگێڕن و داوایان كردووە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، رۆڵی خۆی لە دوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبی لە دادگاكاندا ببینێت.
لە 26ی 2ی ئەمساڵ، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە شاری سلێمانی لەلایەن كەسێكەوە بەچەقۆ هێرش كرایە سەر غالب محەمەد ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستانی و بریندار كرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment