بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوە فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ناوچەی بالەکاتەی لە هەرێمی کوردستانیان بوردومان کرد و هەر بەم هۆیەشەوە ٤ هاووڵاتیی مەدەنیی هەرێمی کوردستان گیانی خۆیان لەدەست دا.
ئەم ڕووداوە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لەناو خەڵک و پارتەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی ناوەندیش دژ بەو ڕووداوە هەڵوێستی نواندووە بەڵام تا ئێستا فوئاد مەعسووم سرۆککۆماری عێراق و یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمبارەوە هیچ هەڵوێستێکی لە خۆی نیشان نەداوە و بێدەنگ بووە.
بێدەنگیی فوئاد مەعسووم هەمبەر ئەم رووداوە و هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی هاووڵاتیانای هەرێمی بەدواوە بووە و ئەمەش لە حاڵێکدایە سەرۆککۆماری عێراق دەسبەجێ پاش ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی پاریس پەیامێکی هاوخەمیی بۆ پاریس نارد و ڕووداوەکەی ئیدانە کرد.
پێشتریش کوردەکانی عێراق هەمبەر بێدەنگییەکانی فوئاد مەعسووم لە ڕووداوە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا ڕەخنەیان بووە و لەو بڕوایەدان لە کەیسی بەشە بووجەی هەرێمی کوردستاندا هەڵوێست یان خۆ دەست لە کار کێشانەوەی فوئاد مەعسووم دەیتوانی ڕەنگدانەوەی زۆری لە ئاستی دنیادا هەبێت و لەسەر دۆخی کوردەکانی عێراق کاریگەر بێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠١
Your Comment