بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سائیب خزر توێژەری کاروباری ئێزدییەکانی عێراق بە دووری نازانێت تورکیا لە شەنگال هێرش بکاتە سەر هێزەکانی پەکەکە و جەختیشی لێدەکاتەوە هەر بەم بۆنەوە خەڵکی ناوچەکە تەواو نیگەرانن چوونکە بەرپرسانی تورک تا ئێستا چەندین جار ئاماژەیان بەو بابەتە کردووە.
ناوبراو هەروەها دەریبڕیوە: وتەکانی ئەم دواییەی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق تەنانەت ئەگەر لەلایەن حکوومەتی تورکیاشەوە کەس گوێی بۆ شل نەکات هەر بۆتە مایەی دڵگەرمیی خەڵکی شەنگال و هەست بەوە دەکەن حکوومەتەکەیان هیچ نەبێ ئاوڕ لەوانیش دەداتەوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال بۆ زێدەکەیان کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی ئێزدییەکان لەوێدا دەژین سائیب خزر ڕایگەیاند: بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە خاپوور بوونی هەموو ئیمکاناتی ژێرخانی تەنیا سەتا ٣٠ی خەڵکەکە گڕاونەتەوە ناوچەکەیان.
لەبارەی ژمارەی هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال ئەم توێژەرە وتی: بە ئەگەرێکی زۆرەوە نزیک بە ٤ هەزار هێزی پەکەکە لە ناوچەکەدان و زۆربەشیان هەر لە ئێزدییەکانی عێراقن کە پاش یارمەتییەکانی پەکەکە بۆ هەڵاتنیان لە سەردەمی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان تەڤڵی ئەو پارتە بوونە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرقول ئەوسەت
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment