سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان پێویستی بە رۆحی نەورۆزە

بەشی فەرهەنگ و هونەر- سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەورۆز لە هەموو ئەوانە پیرۆز دەکات کە بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ و خۆشی دەگێڕن و دەڵێت "نەورۆز واتە فرەڕەنگی و پێکەوەژیان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکیدا لە نیویۆرک لەبەردەم نێردەی وڵاتان جەژنی نەورۆزی لە هەموو لایێک پیرۆز کرد.

گۆتێرێز ئەو بۆنەیەی بە دەرفەت زانی پەیامی ئاشتی و دادپەروەری و پابەندبوون بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دووپات بکاتەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادان بەرۆکی کۆمەڵە وڵاتێکی لە جیهاندا گرتووە و قەیرانی کۆچبەری و خراپیی دۆخی دارایی وڵاتانیش لەلایێک.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "پێم وایە هەموومان ئەوە دەزانین لە جیهانی خۆماندا هیچ شتێک بەقەد رۆحی نەورۆز گرنگ نییە. کاتێک ئەو هەموو قەیرانە دەبینین، کۆچی کۆچبەر و پەنابەران دەبینین. دەمارگیری و رەگەزپەرستی لە هەموو شوێنێکی جیهان دەبینین. ئەوکات دەزانین هەموومان پێویستمان بە رۆحی نەورۆزە، جیهان خۆشی پێویستی بە رۆحی نەورۆز هەیە تاوەکوو ئاشتی و دادپەروەری و رێزگرتن لە یەکدی دروست بکەین و کۆمەڵگە جیاوازەکان تێکەڵ بەیەکدی بکەین".

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز گوتیشی بۆ نزیکەی 300 ملیۆن کەس، نەورۆز سەرەتایێکی نوێیە، سەرەتای ساڵی نوێیە. نەورۆز گەیشتنی بەهارە بەنێو سرووشت. نەورۆز سنوورەکان دەبڕێت و پەیوەندییەکان بەهێزتر دەکات. نەورۆز هانی ئاشتەوایی دەدات. رەنگدانەوەی پێکەوە لە هەموو شوێنێک، سەرەتای ساڵی نوێی ئەگەری نوێی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەلی ئەوەمان پێدەدات پابەندی ئاشتی و پێشکەوتن و مافەکانی مرۆڤ بین.

News Code 12767

Your Comment

You are replying to: .
captcha