بەپێی هەواڵی کوردپرێس شەوی ڕابردوو سەعات 1:5 خولەك فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا گوندەكانی وەسان و سەركان و ماونا-ی سەر بەشارەدێی قەسرێ-یان لە سنووری شارۆچكەی چۆمان لە دۆڵی باڵەیان-ی پارێزگای هەولێر-یان بە چڕی بۆردومان كردووە.
ئاژانسەكە بڵاویشی كردەوە، كە بەهۆی ئەو بۆردومانەوە چوار هاووڵاتی لەگوندی سەركان شەهیدبوون، كە دوانیان ناسراونەتەوە و ناویان (مستەفا ئەبوبەكر و شەرۆ مەحموود ئیبراهیم) و هەردووكیان پێشمەرگەن.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەو هاووڵاتییانە بۆ سەیران ڕوویان لەماڵە گەشتیارییەكانی ئەو گوندە كردووە و هەرچواریان هاوڕێی یەكتر بوون.
هاوكات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە تەرمی هەر چوار شەهیدەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی سۆران كران.
تورکیا بە بیانووی بوونی بنکە و پێگەی پەکەکە ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوو سوپای توركیا لەو سنوورە ١٥ كیلۆمەتری دیكە خاكی باشووری كوردستانی بەزاند و ڕۆژانەش گوندەكان بۆردوومان و تۆپباران دەكات.
سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان
Your Comment