ئەوەی لە عەفرین ڕوو دەدات کۆمەڵکوژی و تاڵان کردنە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە 58مین رۆژی ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین، سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد چوونە نێو رۆژهەڵاتی شارەکەوە، گوتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: "ئەوەی لە عەفرین روودەدات لە کوشتنی ژن و منداڵ و داگیرکاریی، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "لەو جێگایانەی سوپای تورکیا دەستی پێگەیشتوون تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاندووە. ئەوەی لە عەفرین روودەدات لە کوشتنی ژن و منداڵ و داگیرکاریی، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە. پێویستە هەموو لایەنەکان لەوبارەیەوە بەخێرایی بێنەدەنگ. وەکوو یەکێتیش ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیا لە عەفرین دەکەین."

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "لە هەرکوێیێک کورد سەردەردێنێت تورکیا دژی دەوەستێتەوە.

لە کاژێر 12:00ی شەوی 17ی مارچەوە، سوپای تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرش و پێشڕەوی بەرەو نێو عەفرین دەستپێکرد و گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و مەحموودییەی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای عەفرین کردە ئامانج. بەگوێرەی مدیاکانی یەپەگە لە شەوی رابردووەوە دەیان هاونیشتمانی مەدەنی لە نێو عەفریندا کوژراون، دەیان هەزاریشیان ئاوارەبوونە.

بەیانی رۆژی یەکشەممە 18ی مارچ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئاڵای تورکیایان لە نێوەڕاستی شارەکە هەڵ کردووە.

هەمان رۆژ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی کانتۆنی عەفرین لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند شەڕ لە نێو عەفرین بەردەوامە و لە هەموو شوێنێ هێزیان هەیە. لە بارەی ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنیش رایگەیاند: بەئامانجی رێگەگرتن لە دروست نەبوونی کارەساتی مرۆیی هاونیشتمانییانی مەدەنی شارەکەیان چۆڵ کردووە.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12730

Your Comment

You are replying to: .
captcha