بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە بۆ بەشداری لە شەشەمین کۆنگرەی ئاکپارتی سەردانی ئامەدی کردبوو ئاماژەی کرد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی تورکیا و وتی: هەر لە ئێستاوە دەبێ ئامادەی هەڵبژاردنەکان بین. لەم ڕێگایەدا کۆڵ نادەین چوونکە ئامانجمان هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ی زایینییە. دیاربەکرێکی نوێ دادەمەزرێنین و ئێوە دەبنە میوانداری ئەو دیاربەکرە. لە عەفرینیشدا گەیشتووینەتە کۆتا ڕۆژەکان و چیدی ئەو خەندەقانەی هەبوون نەماون. لە سووریاوە مزگەوتەکانی ئێمەیان کردە ئامانج. دەستێکی نوێ لە جێگای دەستی بڕاو ناڕوێتەوە بەڵ ڕیشی نوێ دێتەوە جێگای ڕیشی تاشراو. ئێمە تەنیا یەک حکوومەتمان هەیە و ئەویش حکوومەتی کۆماری تورکیایە.
لە درێژەی وتەکانیدا ڕوونی کردەوە: لە گشتپرسیی دەستووردا ئەنجامەکانی دیاربەکر زۆر کەمتر بوون لەو شتەی چاوەڕێمان دەکرد. ئەم کۆنگرەیە مزگێنیی سەردەمێکی نوێ لە ئامەدە و مۆڵەت نادەین کەس مەودا بخاتە نێوانمان. یاسای برایەتیی ئێمە و دیاربەکر تایبەت بە ئەوڕۆ و دوێنێ نییە و هەر لە باوە ئادەمەوە لەگەڵمان بووە و ئێستا بە ئۆمەتی پێغەمبەر ڕازێندراوەتەوە. ئێمە و دیاربەکر وەکوو گۆشت و نینۆکین. دیاربەکر کێشەکانی تێدەپەڕێنێت و ڕوو لە ئایندەیێکی ڕوون دەکات. بەڕاستی دیاربەکر ڕۆژی سەختی تێپەڕ کردوون و لە ڕابردوودا هەڵەی زۆری بوووە.
ئەردۆغان پاشان ڕایگەیاند: کە ئێمە لە تورکیادا دەسەڵاتمان بە دەستەوە گرت یەکەم شتێک داوایان کرد ئەوە بوو دۆخی نائاسایی هەڵبووەشێتەوە. دۆخی نائاساییی ئێستا لەگەڵ ئەو سەردەمە جیاوازە. ئەمانە یەک شت نین. لەو سەردەمەدا دۆخی نائاسایی وەک خەنجەری دیمۆکراسی لەسەر هاووڵاتیان بوو. کە دەسەڵاتمان بە دەستەوە گرت یەکەم کارمان هەڵوەشاندنەوەی دۆخی نائاسایی بوو. ئێستاش تەنانەت ٥ لەسەدی دەرەتانەکانی دۆخی نائاسایی بەکار ناهێنرێن. لەکوێ باس باسی حەق و ئازادی بێت هیچ سنوورێک نییە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی جومهوریەت
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment