بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە لەندەنی پایەتەختی بەریتانیا، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان و ژمارەیێک سەرۆک فراكسیۆن و سەرۆک لیژنەكانی پەرلەمان، بە یاوەریی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لەگەڵ ئەلیستەر بۆرت وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی پەرلەمانی كوردستان باسیان لە رەوشی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی و بەرەوپێشچوونی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەیان بە گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و هەنگاوەكانی چارەسەركردن دا.
لەو كۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بەسەر شەڕی تیرۆریستانی داعش و پێگەو ڕۆڵی كوردستان لە پەرەپێدانی دیموكراسی لە ناوچەكەدا.
وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا ئاشكرای كرد خوازیاری چارەسەری كێشە و گرفتەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بووە و خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر پێشوەچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی.
ماوەی سێ ڕۆژە شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیێک سەردانی وڵاتانی ئەوروپایان كردووە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment