ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون داگیر کردنی خاکی سووریا نییە/ وەزیری نوێی دەروەی ئەمریکا دەبێت ڕێز لە تورکیا بگرێت

بەشی تورکیا- مەولوودچاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون داگیر کردنی خاکی سووریا نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەولوود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە چوارچێوەی شەشەمین کۆبوونەوەی گرووپی پلاندانانی ستراتیجی ھاوبەشی تورکیا- رووسیا لە شاری مۆسکۆ، کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوش ئۆغڵو لەو لێدوانەدا وتیشی: "لە ١٩ی ئەم مانگە دیدارێکم لە واشنتۆن ھەبوو، بەڵام ئێستا بە ھۆی ئەوەی رێکس تیلەرسن لە پۆستەکەی نەماوە ئەم کۆبوونەوەیە دوادەکەوێت. پەیوەندیمان ھەیە بۆ ئەوەی چی بکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا لە قۆناغی ئاستانا چاودێر بووە و ئاگاداری پێشھاتەکان بوو و گوتی: "بەڵام لە قۆناغی ئاستانادا لەگەڵ ئەمریکا ھیچ میکانزمێکمان نەبووە. لەبارەی دەستەبەر کردنی سەقامگیری لە منبج و ئەو شوێنانەی یەپەگە کۆنترۆڵی کردوون و دەرچوونی یەپەگە لەم شوێنانە بۆچوونێک ھەیە و لەوبارەیەوە گفتوگۆکانمان درێژەی ھەیە".

مەوولود چاوشئۆغڵو روونی کردەوە کە گرووپی کار لە نێوان ئەمریکا و تورکیا پێک ھێنراوە و رایگەیاند کۆبوونەوەی گرووپەکە ھەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە پێناو ھێنانەدی سەقامگیری بۆ ناوچەکانی رۆژھەڵاتی فورات رەنگە ھەنگاو بنێنن و ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون داگیر کردنی خاکی سووریا نییە و گوتیشی: "بەڵام سەرەتا پێویستە ببینن کە ئەمریکا چەند متمانە پێکراوە لەبارەی منبج و چۆن بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات. چوونکە پێشتر چەندین بەڵێنی دا بوو و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو بە پێچەوانەوە چەکی بە رێکخراوی یەپەگە/پەکەکە دا".

هاوکات وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی ئەو ھەواڵانەی کە باس لە دامەزراندنی بنکەیێکی ئاسمانی ئەمریکا دەکەن لە سووریا، گوتی: "دەزانین ئەمریکا ھەوڵی دامەزراندنی بنکەیێکی سەربازیی لە سووریا دەدات. دڵنیام لەوەی دەیانەوێت رێگە بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە خۆش بکەن و ئەمەش بە شێوازی جیاواز ئەنجام دەدەن. ئامادەکاری بۆ چەند کاری تێکدەرانە دەکەن".

سێرگی لاڤرۆڤ راشیگەیاند، ئەمریکا نەک بە قسە بەڵکوو پێویستە بە کردار بیسەلمێنێت کە بەردەوام رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت.

سەرچاوە: هەواڵدەریی سپۆتنیک

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12577

Your Comment

You are replying to: .
captcha