فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی: هیچ واده‌یێک بۆ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کان دیاری نه‌کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ حاڵێکدا که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق باس له‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێم له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ده‌کات به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانی فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی ڕای‌ده‌گه‌یه‌نێت تا ئێستا هیچ ڕۆژێک بۆ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کان دیاری نه‌کراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ڕای‌گه‌یاند که‌ پێش له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێنه‌وه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان ده‌ستی پێده‌کرێته‌وه‌ و سه‌رچاوه‌یێک له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقیش باسی له‌وه‌ کردبوو که‌ ئه‌و داپه‌ڕه‌ به‌ دوای سه‌فه‌ری شاندی باڵای به‌غدا بۆ هه‌رێم و گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌منی له‌سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌، کاروباری گومرگ و ده‌روازه‌کانی هه‌رێم ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ دانا محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانی فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: "هه‌رچه‌نده‌ حکوومه‌تی عێراقی به‌ڵێنی داوه‌ به‌ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێم پێش نه‌ورۆز به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فه‌رمی نییه‌ بۆ کاتی کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کان."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد تا ئێستا چاوه‌ڕوانی بڕیاره‌کانی حکوومه‌تی عێراق ده‌که‌ن بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆکه‌خانه‌کان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12414

Your Comment

You are replying to: .
captcha